Accessibility links

لایەنگرانی موقتەدا سەدر دووبارە هەڵیانکوتایەوە سەر ناوچەی سەوزی بەغداد


هەزاران لایەنگری کەسایەتی ئاینیی شیعەکانی عێراق موقتەدا سەدر دووبارە هەڵیانکوتایەوە سەر ناوچەی سەوزی بەغدادی پایتەخت و چوونە ناو پەرلەمانی وڵاتەکەوە، ئەمەش دووەمین جارە لە ماوەی هەفتەیەکدا بچنە ناوچەی سەوز و پەرلەمانەوە، لانیکەم 125 کەسیش برینداربوون.

خۆپیشاندەران بەربەستە کۆنکریتەکانیان شکاند و چوونە ناو ناوچەی سەوزەوە، کە لەوێ دامەزراوەکانی حکومەت و شاندە بیانییەکانی لێیە، دواتریش چوونە ناو پەرلەمانەوە.

یەکێک لە خۆپیشاندەرەکان بە ناوی ئەبو فواد وتی " داوای حکومەتێک دەکەین کە گەندەڵ نەبێت، ئەوەش داواکارییەکانی خەڵکەکەیە." خۆپیشاندەران وێنەی سەدر و ئاڵای عێراقییان بەرز کردۆتەوە.

وەزارەتی تەندروستی عێراق لە بەیاننامەیەکدا وتی لە خۆپیشاندانەکانی ڕۆژی چوارشەممەدا کە هاوشێوەیەی ئەمەی ئەمجارە بوو، لانیکەم 125 کەس برینداربوون، خۆپیشاندەران و پۆلیسیشیان تێدا بووە.

لایەنگرانی سەدر بەردییان هەڵدەدا و پۆلیسیش گازی فرمێسک ڕژێن و نارنجۆکی هۆشبەرییان بەکارهێنا.

خۆپیشاندەرێکی دیکە وتی " ئێمەی عێراقی بەهۆی گەندەڵکارانەوە بەرگەی نادادپەروەریمان گرتووە."

وتیشی " دوو منداڵم هەیە هەردووکیان زانکۆیان تەواو کردووە و بێکارن و منیش بێکارم. هیچ کارێک نیە و هەموو ئەوەش بەهۆی گەندەڵییەوەیە."

حزبەکەی سەدر لە هەڵبژاردنەکانی مانگی 10 دا یەکەمی بەدەستهێنا، بەڵام دوای ئەوەی شکستی هێنا لە پێکهێنانی حکومەتدا، پەرلەمانتارەکانی لە پەرلەمان کشاندەوە، حزبە شیعەکانی دیکە دژی سەدرن و زۆرینەیان لەلایەن ئێرانەوە پشتیوانیان لێدەکرێت و باڵی سەربازییان لەپشتەوەیە.

لەلایەکی دیکەوە نەتەوە یەکگرتووەکان داوای کەمکردنەوەی گرژییەکانی کرد، شاندی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق وتی " دەنگی هۆش و ژیری گرنگن بۆ ڕێگریکردن لە توندوتیژی زیاتر."

سەرۆک وەزیری عێراق مستەفا کازمیش داوای لە گروپە سیاسییەکانی عێراق کرد گرژی خۆپیشاندانەکان زیاتر نەکەن، وتی " با ئەمە پەرە نەسەنێت بۆ ڕووبەڕووبوونەوە، عێراق بپارێزن."

دەزگای هەواڵی دەوڵەتیش وتی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق محەمەد ئەل حەلبوسی سەرجەم دانیشتەکانی پەرلەمانی هەڵوەشاندۆتەوە.

بەهۆی چەقبەستوویی سیاسییەوە، ماوەی 10 مانگە عێراق بەبێ سەرۆک و سەرۆک وەزیر ماوەتەوە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG