Accessibility links

بەهۆی نەبوونی کارەبا خۆپیشاندان لە چەندین شار و شارۆچکەی عێراق ڕوودەدات


لە عێراق خۆپیشاندەران لە چەندین شار و شارۆچکەدا هاتوونەتە سەر شەقامەکان بە مەبەستی دەربڕینی ناڕەزایەتییەکانیان لەسەر نەبوونی کارەبا کە وەک دەڵێن ژیانیانی ناخۆش کردووە. وەزارەتی کارەبای عێراق دەڵێت ئێران دابینکردنی کارەباری ڕاگرتووە و داوا دەکات بەغدا ملیۆنان دۆلار قەرزی تاران بداتەوە.

وەزیری کارەبای عێراق لە سەرەتای ئەم هەفتەیە دەستلەکارکێشانەوەی خۆی لە پۆستەکەی پێشکەش بە سەرۆک وەزیری وڵاتەکە مستەفا کازمی کرد. گوتەبێژی وەزارەتی کارەبا ئەحمەد موسا عەبادی بە کەناڵی تەلەفیزیۆنی عێراقی ڕاگەیاند چەند هۆکارێک هەن بۆ بڕینی کارەبا لە وانەدا بڕینی هێڵە گەورەکانی کارەبا لەلایەن ئێرانەوە، کە کارەبای عێراق دابین دەکات.

کەناڵی تەلەفیزیۆنی ئەلعەرەبیەی عەرەبستانی سعودیە ڕادەگەیەنێت، ئێران داوای 4 ملیار دۆلاری قەرزی نەدراوەی عێراق دەکات بۆ دەستپێکردنەوەی خزمەتگوزاری لە چوار هێڵی کارەبادا.

میدیا عێراقییەکان ڕاپۆڕت دەکەن، کە بانکی ناوەندی ئەو وڵاتە بەهۆی گەمارۆ ئابوورییەکانی ئەمەریکا بۆ سەر ئێران ناتوانێت ئەو بڕە پارەیە بە ئێران بدات. دەنگی ئەمەریکا نەیتوانیوە بە شێوەیەکی سەربەخۆ ئەو ڕاپۆرتانە پشتڕاست بکاتەوە.

موسەنا تەمیمی،پارێزگاری دیالە لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا گوتی هێرشە هێرشی تیرۆرستییەکانیش بە هەمان شێوە هۆکارن بۆ بڕینی کارەبا لەم دواییانەدا.

XS
SM
MD
LG