سەرۆک وەزیری عێراق مستەفا کازمی دەڵێت وڵاتەکە خاڵە سنوورییە وشکاوییەکان و ڕێستۆرانت و هۆتێلەکان دەکاتەوە و دووبارە ڕێگە بە کێبڕکێ وەزرشییەکان دەدات دەست پێبکەنەوە بەڵام بەبێ ئامادەبوونی هاندەران.
کازمی لە بەیاننامەیەکدا وتی " کردنەوەی خاڵە سنوورییە وشکاوییەکان لەبەردەم جوڵەی بازرگانیدا پەسەند کراوە، ئەوەش بۆ دابینکردنی پێویستیەکانی بازاڕ." وتیشی پێویستە لەسەر ڕێستۆرانت و هۆتێلە پێنج ئەستێرەییەکان ڕێکارەکانی تەندروستی جێبەجێ بکەن.
لە 12 ی مانگی نۆدا کێبڕکێ وەرزشییەکانیش دەستپێدەکەنەوە. کازمی ئەوەشی خستەڕوو دامودەزگا حکومییەکان دەتوانن لە سەدا 50 ی کارمەندەکانیان بگەڕێننەوە سەر کار.
لە ماوەی ڕابردوودا وەزارەتی تەندروستی عێراق ڕایگەیاند ڕۆژی هەینی زۆرترین ژمارەی توشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە وڵاتەکەدا تۆمارکراوە و 5,036 حاڵەتی توشبوون بە ڤایرۆسەکە هەبوون.
وەزارەتی تەندروستی عێراق ئاماژەی بەوەدا ڕۆژی دووشەممە 4,314 حاڵەتی توشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا تۆمارکراوە و 77 حاڵەتی گیان لەدەستدانیش هەبووە، بەوەش کۆی ژمارەی توشبووان گەیشتە 264,684 کەس و گیان لەدەستدانەکانیش گەیشتە 7,589 حاڵەت.
کازمی وتیشی ڕێگە بە کارمەندانی کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان دەدرێت ناوەندەکانی تۆمارکردنی دەنگدەران بکەنەوە.
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز