Accessibility links

عێراق: موشەکێک بنکەیەکی سەربازیی نزیک فڕۆکەخانەی بەغداد دەکاتە ئامانج


سەرچاوەکانی ئاسایش و سوپای عێراق دەڵێن موشەکێکی کاتیوشا بنکەیەکی سەربازیی عێراقی لە نزیک فڕۆکەخانەی بەغدادەوە کردۆتە ئامانج کە هێزەکانی ئەمەریکای تێدان.

سوپای عێراق لە بەیاننامەیەکدا وتی ئەو ڕاگرەی کە موشەکەکەی پێهەڵدراوە لە ناوچەی ئەل جیهادی ڕۆژئاوای بەغداد لەنزیک فڕۆکەخانەوە دۆزراوەتەوە.

سەرچاوەکان ئاماژەشیان بەوەدا بەهۆی ڕووداوەکەوە هیچ کەسێکی زیانی بەرنەکەوتووە.

لەم هەفتانەی ڕابردوودا بەرپرسانی ئەمەریکا هۆشدارییاندا لەسەر ئەوەی پێشبینی ئەوە دەکەن هێرشەکان دژی هێزەکانی ئەمەریکا لە عێراق و سوریا زیاد ببن، بەشێکی بەهۆی دووەمین ساڵیادی کوشتنی قاسم سولەیمانیەوەیە.

لەکاتێکدا هێشتا هیچ لایەنێک بەرپرسیارێتی هێرشەکانی ئەمدواییانەی ڕانەگەیاندووە، ئەو گروپە چەکدارییە عێراقییانەی کە سەر بە ئێرانن بەڵێنیانداوە تۆڵەی کوشتنی سولەیمانی و فەرماندەی چەکدارەکان ئەبو مەهدی موهەندیس بکەنەوە.

هێرشەکەی ڕۆژی چوارشەممە دووەمین هێرشە لەم هەفتەیەدا کە بنکەیەکی سەربازیی بکەنە ئامانج لە نزیک فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی بەغداد، ئەمەش دوای ئەوەی ڕۆژی دووشەممە دوو فڕۆکەی بێفڕۆکەوان ئاڕاستەی بنکەکە کران و بەرپەرچ درانەوە.

دوو فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی دیکە کە تەقەمەنیان پێوە بووە لە ڕۆژی سێشەممەدا لەلایەن هێزی بەرگری ئاسمانی عێراقەوە خرانە خوارەوە لەکاتێکدا فڕۆکەکان لە بنکەی سەربازیی عەین ئەل ئەسەد نزیک دەبوونەوە. لەو بنکەیەشدا هێزەکانی ئەمەریکای تێدایە.

لە 3 ی مانگی یەکی ساڵی 2020 دا قاسم سولەیمانی لە هێرشێکی ئاسمانی ئەمەریکادا لەنزیک فڕۆکەخانەی بەغداد کوژرا، سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ فەرمانی هێرشەکەیدا.

ڕۆژی دووشەممە سەرۆکی ئێران ئیبراهیم ڕەئیسی وتی دەبێت ترامپ ڕووبەڕووی دادگا بکرێتەوە، ئەگەر نا ئەوا تاران تۆڵە دەکاتەوە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG