Accessibility links

عێراق پڕۆژەیەکی 17 ملیار دۆلاری بۆ بەستنەوەی ئاسیا بە ئەوروپاوە ڕادەگەیەنێت


بەندەری گەورەی فاو، باشووری عێراق
بەندەری گەورەی فاو، باشووری عێراق

عێراق پڕۆژەیەکی 17 ملیار دۆلاری ڕاگەیاند بۆ بەستنەوەی بەندەرە سەرەکییەکانی لە کەناری باشووری وڵاتەکەوە بە سنووری تورکیاوە، لە ڕێی شەمەندەفەر و ڕێگاوە. ئەمەش لە هەنگاوێکدا کە ئامانج لێی گۆڕینی ئابووری وڵاتەکەیە دوای دەیان ساڵی شەڕ و قەیران.

ڕێگای گەشەپێدان ئامانجی بەستنەوەی بەندەری گەورەی فاوی باشووری عێراقە بە باشووری تورکیاوە، ئەوەش وڵاتەکە دەکاتە ناوەندێکی ترانزێت لە ڕێی کەمکردنەوەی کاتی گەشتەکانی نێوان ئاسیا و ئەوروپا، لە هەوڵێکدا بۆ ڕکابەریکردنی کەناڵی سوێز.

بەڕێوبەری گشتی کۆمپانیای گشتی بەندەرەکانی عێراق، فەرحان ئەل فەرتوسی بە ڕۆیتەرزی وت " ڕێگای گەشەپێدان تەنها ڕێگایەک نیە بۆ گواستنەوەی شتومەک یاخود سەرنشینەکان. ئەم ڕێگایە دەرگا بە ڕووی گەشەکردنی ژمارەیەکی زۆر لە بوارەکانی عێراقدا دەکاتەوە."

حکومەتی عێراق بیری لە شەمەندەفەری خێرا کردۆتەوە بۆ گواستنەوەی شتومەک و سەرنشینەکان بە خێرایی 300 کم لە کاتژمێرێکدا، هەروەها بەستنەوەی ناوەندە پیشەسازییە ناوخۆییەکان و پێکهاتەکانی وزە کە دەکرێت هێڵەکانی بۆری گاز و نەوتیش بگرێتەوە.

لە ئێستادا عێراق خزمەتگوزاری چەند هێڵێک بەڕێوەدەبات، لەوانەش هێڵێکی گواستنەوەی خاوی نەوت و یەک شەمەندەفەری شەوانەی سەرنشین هەڵگر کە لە بەغدادوە بەرەو بەسڕە دەڕوات، شەمەندەفەرەکە 10 بۆ 15 کاتژمێری دەوێت تاوەکو 500 کم ببڕێت.

فەرتوسی وتی بەندەری فاوی گەورە کە زیاتر لە 10 ساڵە پلانی بۆ داڕێژراوە، نیوەی تەواو بووە.

گواستنەوەی سەرنشین لە نێوان عێراق و ئەوروپادا دەگەڕێتەوە بۆ پلانە گەورەکان لە وەچەرخانی سەدەی بیستدا بۆ دروستکردنی هێڵێکی خێرا لە بەغدادەوە بۆ بەرلین.

فەرتوسی وتی " دووبارە ئەم هێڵە کارا دەکەینەوە و دەیبەستینەوە بە وڵاتانی دیکەوە."

وتیشی ئەگەر کارەکان لە سەرەتای ساڵی داهاتوودا دەستپێبکات ئەوا پڕۆژەکە لە ساڵی 2029 دا تەواو دەبێت.

وتی " ئەگەر عێراق بۆ ساڵێک، دوو ساڵ، دەیەیەک یاخود دوو دەیە ئامادە نەبووبێت، دەبێت هەر ڕۆژێک بێت بگەڕێتەوە، بە هیوای ئەوەی ئەم ڕۆژانە سەرەتای گەڕانەوەی عێراق بن."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG