Accessibility links

عێراق دەڵێت کاردەکات بۆ دۆزینەوەی هاووڵاتییەکی ئیسڕائیلی – ڕووسیایی ڕفێندراو


ئێلیزابێث سورکۆڤ
ئێلیزابێث سورکۆڤ

ڕۆژی سێشەممە عێراق ڕایگەیاند کاردەکات بۆ دۆزینەوەی ئێلیزابێث سورکۆڤ کە خوێندکارێکی ئەکادیمی ئیسڕائیلی – ڕووسیاییە، ئەمەش ڕۆژێک دوای ئەوەی ڤیدیۆیەکی سورکۆڤ بڵاوبووەوە کە یەکەمین بەڵگەیە لەسەر ئەوەی کە لە دوای ڕفاندنەکەیەوە هێشتا لە ژیاندا ماوە.

لە مانگی حەوتدا بەرپرسانی ئیسڕائیل ئاشکرایان کرد کە سورکۆڤ ڕفێندراوە و بەرپرسیارێتییەکەی کردە ئەستۆی میلیشیاکانی سەر بە ئێران، ئەوەش دوای ئەوەی لە کۆتایی مانگی سێدا لە عێراق بێسەروشوێن بوو.

ڕۆژی دووشەممە کەناڵی ئەل ڕابیعەی عێراقی یەکەمین ڤیدیۆی سورکۆڤی بڵاوکردەوە، کە بە یەکەمین ڤیدیۆی دادەنرێت لە دوای بێسەروشوێن بوونییەوە.

ڕاوێژکاری پەیوەندییەکانی سەرۆک وەزیری عێراق، هوشام ئەل ڕیقابی وتی " دەزگاکانی ئاسایش بە دوای دۆسییەی بێسەروشوێنبوونی هاووڵاتییە ڕووسیاییەکەوەن لە بەغداد و ماندوونەناسانە هەوڵدەدەن بۆ دۆزینەوەی هەر سەرەداوێک کە بچێتەوە سەر کەسە ڕفێندراوەکە."

ڕیقابی بە دەزگای هەواڵی فرانس پرێسی وت " هیودارین بە زوووی سەرەداوێک یاخود بەڵگەیەک بدۆزینەوە کە بەرپرسان بگەیەنێت بە ئەو."

سورکۆڤ لە ڤیدیۆکەدا باسیش لە جەنگەکەی نێوان ئیسڕائیل و حەماس دەکات لە غەززە. هەروەها ئاماژە بەوە دەدات زیاتر لە حەوت مانگە دەستبەسەرە، بەڵام ئاماژەی بەو کەسانە نەدا کە دەستبەسەرییان کردووە یاخود ئەو شوێنەی کە تێیدا گیراوە.

ئێما سورکۆڤی خوشکی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس وتی " ئەوە هەواڵێکی خۆشە ببینیت هێشتا لە ژیاندا ماوە."

وتی " ڕوون و ئاشکرایە کە بە زۆر ئەو قسانەی پێکراوە، بەڵام تێبینی ئەوەشمان کردووە بەو شێوەیە دەردەکەوێت کە پێشبینی دەکرێت دەربکەوێت. بڵاوبوونەوەی ئەم ڤیدیۆیە هەنگاوێکی گرنگە لە هەوڵەکان بۆ گەڕاندنەوەی بۆ ئێمە."

سورکۆڤ کە خوێندکاری دکتۆرایە لە زانکۆی پرینستن و هاوکارە لە پەیمانگای نیو ڵاینز بۆ ستراتیژی و سیاسەت، لە گرتە ڤیدیۆکەدا ئاماژەی بەوە داوە کە کاری بۆ دەزگا هەواڵگرییەکانی ئیسڕائیل و ئەمەریکا کردووە لە عێراق و سوریادا، دەشڵێت هیچ هەوڵێک نەدراوە بۆ ئازادکردنی.

ئۆفیسی سەرۆک وەزیری ئیسڕائیل بنیامین نەتانیاهو لە سەرەتای مانگی حەوتدا گروپی کەتائیب حیزبوڵای عێراقی تۆمەتبار کرد بە تۆمەتی گرتنی سورکۆڤ، بەڵام گروپە چەکدارییەکە ئاماژەی بەوەدا کە دەستی نیە لە بێسەروشوێنبوونی سورکۆڤدا.

سورکۆڤ کە ئەگەرێکی زۆری هەیە بە پاسپۆرتی ڕووسیایی چووبێتە عێراقەوە، وەکو بەشێک لە توێژینەوەکانی بۆ دکتۆراکەی گەشتی بۆ عێراق کردووە.

سەرچاوە/ فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG