Accessibility links

کاربەدەستانی عێراق دەڵێن بەنداوەکانی ئێران هۆکاری سەرەکین بۆ کەمبوونەوەی ئاوی ڕووباری سیروان


کاربەدەستانی عێراق ڕۆژی سێشەممە هۆشداری کەمبوونەوەی بەرچاوی ئاوی ڕووباری سیروان دەکەن هۆکارەکەی بۆ کەمی باران و دروستکردنی بەنداو لە ئێران دەگەڕێننەوە.

ڕەحمان خانی بەڕێوەبەری بەنداوی دەربەندیخان، کە بەشێکی سەرەکی ئاوی ئەو بەنداوە پشتی بە ڕووباری سیروان بەستووە، دەڵێت " بەشێوەیەکی بەرچاوی ئاوی ڕووبارەکە کەمی کردووە، ئاستی ئاوەکە بە ڕێژەی 7.5 مەتر لە ساڵێکدا دابەزیوە."

ڕەحمان خانی، بەڕێوەبەری بەنداوی دەربەندیخان
ڕەحمان خانی، بەڕێوەبەری بەنداوی دەربەندیخان

لە لێدوانێکیدا بۆ ئاژانسی دەنگوباسی فەرەنسی ڕەحمان خانی هۆکاری کەمبوونەوەی ئاوەکەیبۆ کەمی باران بارین و هەوەها " دروستکردنی بەنداوی زیاتر لە ئێران " گەڕاندەوە کە ڕێژەی ئاوی ڕووبارەکەی کەمکردووەتەوە.

بەڕێوەبەری بەنداوەکە دەشڵێت بەنداوەکەیان ئەمساڵ 900 ملیۆن مەتر سێجا ئاوی پێگەیشتووە، کە بڕێکی کەمە بە بەراورد بە ڕێژەیئاسایی ساڵانە کە 4.7 ملیار مەتر سێجایە.

گوتیشی ئەو دابەزینە بووەتە هۆی دابەزینی 30٪ی بەرهەمهێنانی کارەبا لە بەنداوەکەوە، هۆشداریشی دا کاریگەریشی دەبێت بۆ سەر کشتوکاڵی پارێزگای دیالە.

ئەم بارودۆخە وای کرد مەهدی ئەلحەمدانی وەزیری سەرچاوە ئاوییەکانی عێڕاق داوا لە حکومەت بکات سکاڵای فەرمی لە دژی ئێران بباتە دادگای تاوانی نێودەوڵەتی لە لاهای.

ئاژانسی دەنگوباسی فەرەنسی دەڵێت گوتەبێژێکی وەزارەتی دەرەوە ئامادە نەبوو لەمبارەیەوە لێدوان بدات.

عەون زیاب، ڕاوێژکاری باڵای وەزارەتی ئاو ڕایگەیاند، ئێران بە ڕێگری کردن لە ئاوی ڕووبارێک یاسا نێودەوڵەتییەکانی پێشێل کردووە، بەپێی پەیماننامە ئاوەڕۆکانی ساڵی 1997ی نەتەوە یەکگرتووەکان لەسەر بەکارهێنانی ئەو ئاوانەی کە سنوورە نێودەوڵەتییەکان دەبەزێنێت.

زیاب هەرچەندە دانیشی بەوەدا نا هەوڵدان بۆ بەدەستهێنانی دادپەروەری دەبێتە " بڕیارێکی سیاسی نەک تەکنیکی." لە لێدوانەکەیدا بۆ ئاژانسی دەنگوباسی فەرەنسی گوتیشی " ئاوی ڕووباری سیروان بە تەواوەتی بڕاوە."

عێراق کە بۆ بەدەستهێنانی بەشێکی زۆری کارەبا پشت بە ئێران دەبەستێت، لەم چەند ساڵەی دواییدا سەرچاوە ئاوییەکانی بە شێوەیەکی بەرچاو کەمیان کردووە.

بەشێکی گەورەیی ئەمە پەیوەندی بە دروستکردنی بەنداو لە نێو ئێران و تورکیاوە هەیە، بەڵام بەشێکیشی پەیوەندی بە گۆڕانی کەشوهەواو وشکەساڵییەوە هەیە کە کاریکردووەتە سەر تەواوی هەرێمەکە نەک تەنها عێراق.









XS
SM
MD
LG