Accessibility links

عێراق بڕێکی زۆر لە دەرمانی نایاسایی دەسووتێنێت


ڕۆژی یەکشەممە عێراق نزیکەی شەش تەن لە دەرمانی نایاسایی وەکو کانابیس و کاپتاگۆن و کۆکایینی سوتاند، بەرپرسانیش دەڵێن لە ماوەی دەیەی ڕابردوودا ئەمە گەورەترین هەڵمەتی لە ناوبردنی دەرمانی هۆشبەری نایاسایی بووە.

بەرپرسانی حکومەت بە بەکارهێنانی ماسک و کۆڤەرۆڵسی سپییەوە دەرمانەکانییان کۆکردەوە و خستیانە ناو چاڵێکەوە، بەنزینییان پێدا کرد و گڕییان تێبەردا.

وەزیری تەندروستی عێراق ساڵح ئەل حەسناوی لە شوێنی سوتاندنی دەرمانەکاندا لە دەرەوەی بنکەیەکی سەربازی لە نزیک بەغداد وتی " لە ساڵی 2009 ەوە ئەمە یەکەمین ئۆپەراسیۆنی لە ناوبردنی ئەو بڕە زۆرەیە."

وتیشی دەرمانەکان لەلایەن " هێزەکانی سەر خاڵە سنووریییەکان " و شوێنەکانی دیکەی عێراقەوە دەستیان بەسەرداگیراوە، هەندێک لە دەرمانەکان چەندین ساڵە هەڵگیراون.

لەم چەند ساڵەی ڕابردوودا هێزەکانی ئاسایشی عێراق ئۆپەراسیۆنەکانیان دژ دەرمانە هۆشبەرەکان چڕتر کردۆتەوە، ڕۆژانە هەواڵی دەستبەسەراگرتنی دەرمان و دەستگیرکردنی بازرگانەکان بە دەرمانەوە ڕادەگەیەنن.

ئەو ناوچانەی کە سنوورییان بە ئێرانەوەیە بوونەتە سەرەکیترین ڕێگای بازرگانیکردن بە ماددە هۆشبەرەکانەوە، بە کریستاڵ مێثامفیتانیشەوە.

بەرپرسێکی حکومەت وتی لەو دەرمانانەی کە سوتێندران بریتی بوون لە 350 کیلۆگرام کۆکایین و 54 ملیۆن حەب کە پێنج ملیۆن حەبی جۆری ئامفیتامینی کاپتاگۆنی تێدا بووە.

بڕێکی زۆر لە کریستاڵ مێثامفیتامین و حەشیشیش سوتێندراون.

بەرپرسەکەی حکومەت وتی زۆربەی ئەو دەرمانانەی کە لە ناوبران لە ئێرانەوە هاتبوون، هەندێکیشیان لە لوبنان و سوریاوە هاتبوون.

لە کاتێکدا کە هەندێک لە بازرگانەکانی دەرمان عێراق وەکو خاڵێکی تێپەڕبوون بەکاردەهێنن، لەم چەند ساڵەی ڕابردوودا بەکارهێنانی دەرمان و فرۆشتنی لە ناوخۆی عێراقدا بە شێوەیەکی بەرچاو زیادی کردووە.

سەرچاوە/ فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG