Accessibility links

عێراق هەوڵدان بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ ئیسڕائیل قەدەغە دەکات


لایەنگرانی موقتەدا سەدر دوابەدوای قەدەغەکردنی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ ئیسڕائیل لەلایەن پەرلەمانی عێراقەوە، بەغداد، 26 ی مانگی پێنج ساڵی 2022
لایەنگرانی موقتەدا سەدر دوابەدوای قەدەغەکردنی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ ئیسڕائیل لەلایەن پەرلەمانی عێراقەوە، بەغداد، 26 ی مانگی پێنج ساڵی 2022

پەرلەمانی عێراق یاسایەکیان پەسەند کرد تیایدا ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ ئیسڕائیلدا قەدەغە دەکات، ئەمەش لەکاتێکدایە کۆمەڵێک وڵاتی عەرەبی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئیسڕائیلدا ئاسایی کردۆتەوە.

پەرلەمانی عێراق تاوەکو ئێستا نەیتوانیوە لەسەر پرسە ناوخۆییەکانی دیکەی وەکو هەڵبژاردنی سەرۆکێکی نوێ و پێکهێنانی حکومەتەکەی خۆی بگاتە هیچ ئەنجامێک.

تاوەکو ئێستا عێراق دانی بە دەوڵەتی ئیسڕائیلدا نەناوە کە لە ساڵی 1948 ەوە دامەزراوە، هەروەها هاوڵاتیانی عێراق و کۆمپانیاکانی ناتوانن سەردانی ئیسڕائیل بکەن، بەپێی یاسا نوێیەکە، هەر هەوڵێک بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ ئیسڕائیلدا بە تاوان هەژماردەکرێت.
یاسا نوێیەکە لەلایەن موقتەدا سەدری شیعەکانەوە پێشنیار کرا کە حیزبەکەی دژایەتی هەر پەیوەندییەکی نزیکی عێراق دەکات لەگەڵ ئەمەریکا و ئیسڕائیلدا.

پەلەمانتارێکی شیعەکان حەسەن سالم کە نوێنەرایەتی میلیشیای عەسائیب ئەهل ئەل حەق دەکات و لەلایەن ئێرانەوە پشتیوانیان لێدەکرێت وتی " پەسەندکردنی یاساکە نەک تەنها سەرکەوتنە بۆ گەلی عێراق، بەڵکو سەرکەوتنی پاڵەوانەکانی فەڵەستین و حیزبوڵاشە لە لوبنان."

هەندێک لە وڵاتانی کەنداو، بە ئیماڕات و بەحرەینیشەوە، پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئیسڕائیلدا ئاساییکردۆتەوە، ئەوەش بەهۆی نیگەرانییە هاوبەشەکانیانەوە سەبارەت بەو هەڕەشەیەی کە ڕەنگە ئێران لەسەر ناوچەکە دروستی کردبێت.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG