Accessibility links

جەزیرە: سەرۆک وەزیری عێراق دەڵێت ئیسڕائیل بەرپرسە لە هێرشەکانی سەر حەشدی شەعبی


لە لێدوانێکدا کە کەناڵی جەزیرە بڵاویکردەوە سەرۆک وەزیری عێراق عادل عەبدولمەهدی ئیسڕائیلی تۆمەتبار کرد بە تۆمەتی ئەنجامدانی هێرشەکانی سەر شوێنەکانی حەشدی شەعبی لە عێراق، ئەمەش یەکەمین تۆمەتی ڕاستەوخۆیە لەلایەن بەغداوە بۆ ئیسڕائیل.

کەناڵەکە لە زاری عەبدولمەهدیەوە بڵاویکردەوە " لێکۆڵینەوەکان سەبارەت بە بە ئامانجکردنی هەندێک لە شوێنەکانی حەشدی شەعبی ئاماژە بەوە دەکەن ئیسڕائیل ئەو هێرشانەی ئەنجامداوە."

لەلای خۆیەوە حەشدی شەعبی چەند جارێک ئیسڕائیلی تۆمەتبار کردووە بە تۆمەتی ئەنجامدانی هێرش لەڕێی فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانەوە بۆ سەر بنکە و کۆگا تایبەتیەکانی چەکی حەشدی شەعبی و کوژرانی هەندێک لە چەکدارەکانی. دەشڵێت ئەمەریکا پشتیوانی ئاسمانی ئیسڕائیلی کردووە تاوەکو ئەو هێرشانە ئەنجام بدات.

وتەبێژی سوپای ئیسڕائیل هیچ لێدوانێکیدا نەدا لەسەر لێدوانەکانی سەرۆک وەزیری عێراق، بەڵام وتی " ئەم لێدوانانە لە دەزگا ڕاگەیاندنە بیانییەکانەوەیە و ئێمە هیچ لێدوانێکی لەسەر نادەین."

هەروەها وەزارەتی بەرگری ئەمەریکاش ڕەتی کردەوە هێزەکانی ئەمەریکا بەشداریان لەو هێرشانەدا کردبێت.

عادل عەبدولمەهدی کە هەفتەی ڕابردوو سەردانی سعودیەی کرد بە کەناڵی جەزیرەی وت پێی وایە سعودیە هەوڵی ئاشتی دەدات، ئەمەش وەکو ئاماژەیەک بۆ زیادبوونی گرژییەکان لەنێوان ئێران و سعودیەدا.

ئاماژەشی بەوەدا چارەسەری قەیرانی یەمەن دەکرێت کلیلی چارەسەری هەموو کێشەکانی کەنداو بێت. هەروەها وتی سعودیە و ئێران ئامادەن بۆ گفتوگۆکردن.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG