Accessibility links

سەردانەکەی عادل عەبدولمەهدی بۆ هەرێمی کوردستان


Adel Abdul-Mahdi
Adel Abdul-Mahdi

سەردانەکەی عادل عەبدولمەهدی سەرۆک وەزیرانی دەست لەکارکێشاوەی عێراق بۆ هەرێمی کوردستان بۆ سێ مەبەست بووە، بەڵام نەیتوانیوە پشتگیری تەواوەتی هەرێمی کوردستان بەدەست بهێنیت.

شەمە، عادل عەبدولمەهدی سەرۆک وەزیرانی دەست لەکارکێشاوەی عێراق سەردانی هەولێر و سلێمانی کرد، لەگەڵ بەرپرسانی حکومی و حیزبی دا کۆبۆوە و دواتر گەڕایەوە بۆ شاری بەغدا.

فارس عیسا نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا، بەدەنگی ئەمەریکای گوت، "سەردانەکەی عادل عەبدولمەهدی بۆ سوپاسکردنی هەرێم بووە، لەپای هەڵوێستە هاوسەنگەکانی."

گوتیشی"عێراق پێویستی بە پشتگیری کردنی هەرێمە بۆ گێڕانەوەی وڵات بۆ دۆخی سەقامگیری خۆی."

بە پێی زانیاریەکانی دەنگی ئەمەریکا، ئامانجی سەردانەکەی عادل عەبدولمەهدی بۆ هەرێم بۆ بەدەستهێنانی پشتگیری هەرێم بووە تا لە پۆستەکەی بمێنیتەوە، هەروەک داوای پشتیوانیشی کردووە بۆ دەرکردنی هێزەکانی ئەمەریکا و گێڕانەوەی عێراق بۆ دۆخی سەقامگیری خۆی.

زانیاریەکان ئاماژەبەوەدەکەن بەرپرسانی هەرێم لاریان نەبووە لەمانەوەی لە پۆستەکەی و هاوڕای بوون لەهێورکردنەوەی دۆخی عێراق، بەڵام بۆ دەرکردنی هێزەکانی ئەمەریکا پشتگیری نەبوون، پێیانوتووە: مەترسی داعش هێشتا ماوە.

فارس عیسا، نەیشاردەوە کە هەرێم لاری نیە لەمانەوەی عادل عەبدولمەهدی لە پۆستەکەی، وتی"ئێمە لاریمان نیە گەر ئەو بەڕێزە بمێنێتەوە."

لەگەڵ بیستنی جوڵە سیاسیەکانی عادل عەبدولمەهدی سەرۆک وەزیرانی دەست لەکارکێشاوەی عێراق بۆ مانەوەی لە پۆستەکەی، خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی ناوچە جیاجیاکانی عێراقی گرتەوە و خۆپیشاندەران بەتوندی متمانەدانەوەیان بەعەبدولمەهدی ڕەتکردەوە.

تووڕەیی خۆپیشاندەرانی عێراق، جارێکی تر هێزە شیعیەکانی نائومێدکرد و ئەو بیرۆکەیەی لاچەسپاندن، کە جگە لە گۆڕانکاری و ڕازیکردنی شەقامی عێراق، هیچ بەدیلێکی تر بۆ هێورکردنەوەی دۆخەکە نیە.

هۆشیار عەبدوڵا ئەندامی پەرلەمانی عێراق، بەدەنگی ئەمەریکای گوت"پشتگیری کردنی کوتلە کوردیەکان لەمانەوەی عادل عەبدولمەهدی کارتێکی سوتاوە و سودی نابێت، چونکە خۆپیشاندەران ئەو بەکوشتن و بریندارکردنی هەزاران خۆپیشاندەر تۆمەتبار دەکەن و داوای ڕۆیشتنی دەکەن."

هۆشیار عەبدوڵا، ئاماژەی بەوەشکرد لەسەردەمی حوکمڕانی عادل عەبدولمەهدیدا، پەیوەندی عێراق لەنێوان ئەمەریکا و ئێراندا لاسەنگ بووە، وتی"عێراق خۆی بەلای ئێراندا شکاندۆتەوە، بۆیە عەبدولمەهدی پشتگیری ئەمەریکای بۆ مانەوە لەدەستداوە."

هەوڵەکانی عادل عەبدولمەهدی سەرۆک وەزیرانی دەست لەکارکێشاوەی عێراق بۆ مانەوە لە پۆستەکەی، لەکاتێکدایە خۆپیشاندەران و کوتلە سیاسیەکان تا ئێستا لەسەر کاندیدکردنی کەسێک بۆ شوێنگرەوەی ڕێکنەکەوتوون.

please wait

No media source currently available

0:00 0:04:19 0:00


XS
SM
MD
LG