Accessibility links

حەیدەر عەبادی: بەڕێوەبەرایەتی نوێی ئەمەریکا زیاتر لە جاران پشتیوانی عێراق دەکات


کەناڵی ئەلحوڕە چاوپـێکەوتنێـکی لەگەڵ حەیدەر عەبادی سەرۆک وەزیری عێراق ئەنجامداوە سەبارەت بە شەڕی دژی داعش بە تایبەتی ئۆپەراسیۆنی ڕزگارکردنی موسڵ و هەروەها پەیوەندیـیەکانی حکومەتی عێراق لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ و بەڕێوەبەرایەتی نوێی ئەمەریکا.

بەشی کوردی دەنگی ئەمەریکا کۆمەڵێک پـرسیاری گرنگی چاوپـێکەوتنەکەی کردووە بە کوردی.

- لە سەردانەکەتاندا بۆ واشنتن و کۆبوونەوەتان لەگەڵ دانۆڵد ترامپ ئایا هیچ هەستان بە جیاوازی بەرچاو کرد بە بەراورد لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی پێشوودا بەرامبەر بە عێراق؟

ئەوەی من بەدیم کرد پشتیوانیەکی زیاتر بوو لە عێراق بە بەراورد لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی پێشوو. ئەمەش نەک هەر تەنها لە بواری یارمەتیدانی عێراق لە شەڕکردنی لە دژی تیرۆریزم بەڵکو لە بواری ئابوری و سەرمایەگوزاریشدا، هەروەها ئەوەی لای وەزیری ئابوری ئەمەریکا مایەی سەرسوڕمان بوو، ئەوە بوو کە دوو هێند لەوەی چاوەڕوان دەکرا لە سەرمایەگوزارانی ئەمەریکای ئامادەی کۆبوونەوەی ژوری بازرگانی بوون ، کە کۆمپانیای مەزن و مام ناوەندی ئەمەریکایی بوون و ئامادەی وەبەرهێنانبوون لە عێراق."

- لە میانەی کۆنگرەی ساڵانەی کۆمکاری عەرەبی لە دەریای مردوو لە ئۆردن لەگەڵ ڕێبەری وڵاتانی عەرەبی کۆبوونەوەتان ئەنجام دا، ئایا پوختەی ئەو کۆبوونەوانە و ئاکامەکانی بۆ عێڕاق چیبوون؟

" ئێمە ڕوانگەی خۆمان هەیە ئەمەش لەو ئازار و ناڕەحەتیانەی بە هۆی شەڕکردنمان لە دژی تیرۆر سەرچاوەیان گرتووە، هەروەها پەرتەوازەبوونی هەرێمەکە بەهۆی ململانێکانی هەرێمی و ئەم ململانێیەش کارەساتی لێکەوتەوە، یەکێک لەوانە سەرهەڵدانی گروپی داعش بوو. داعش لە سوریاوە هاتە نێو عێراق و شار و شارۆچکەکانی کاولکرد و کۆمەڵکوژی ئەنجامدا و بە سەدان هەزار هاوڵاتی عێراقی ئاوارەکرد. ئێمە لە بەگژداچوونەوەی داعشدا قوربانیـیەکی زۆرمان داوە ، ئێمە دوو جار باجی داعشمان دا، کاتێک هاتنە عێراقەوە و کاتێکیش هەوڵی وەدەرنانیان لە عێراق دەدەین. جا ئەمە قوربانیـیەکی گەورەیە، هەربۆیە پێویست بە تێڕوانینێکی نۆی بەرامبەر عێراق دەکات. ئایا رێگە بە گەڕانەوەی داعش بدەین یان ئایا رێگە بە بەردەوامی ئەم رەوشە بدەین هەتا داعشێکی دیکە سەر هەڵبدات یان چەکدارانی داعش بچن بۆ ناوچەیەکی دیکە! جا هەربۆیە ئێمە ڕوانگەی خۆمان لەم بارەیەوە هەیە. دەبێت کۆنترۆڵی ململانێ هەرێمی بکرێت یان ململانێی عەرەب لەگەڵ عەرەب یان بە گشتی ململانێی هەرێمی. دەبێت ئێمە خۆمان کاروبارمان بەڕێوەبەرین و هەروەها شەڕ وململانێکانمان. هاوکات نابێت ئێمە پشت بە وڵاتان ببەستین لەبەر ئەوەی ئەو وڵاتانە چەند مەزن و کاریگەر بن، بە کاروباری خۆیانەوە سەرقاڵن و کێشەی عێراق بۆ وڵاتانی زلهێز مەسەلەیەکی لاوەکیە، بەڵام دەبێت بۆ هاوکاریمان سوودیان لێوەربگرین بەڵام ئێمەین گەمەکاری سەرەکی لە چارەسەرکردنی ئەم ململانێـیانە."

- ئایا عێراق لەم ململانێ هەرێـمیەدا لایەنێکە یان قوربانیە یان بەشێکە لە هاوکێشە هەرێمی یان لایەنێکی نێو دوو تەوەرەی ململانێکەیە؟

"ئێمە سیاسەتی جەمسەرگەری ڕەتدەکەینەوە. عێراق قوربانی دەستی ئەم ململانێ هەرێمیە بووە. ململانێ تورکیا لە هەرێمەکدا جۆرێکی ترە و هەروەها هەردەوڵەتەش بە ئەندازەیەکی دیاریکراو لە ململانێکەدایە، دەرئەنجام عێراق قوربانی دەستی ئەم ململانێ هەرێمییە بووە. تورکیا رۆڵی لە هەرێمەکەدا هەیە و دەوڵەتێکی گرنگە ، ئێرانیش بەهەمان شێوە کاریگەری خۆی هەیە و هەروەها وڵاتانی عەرەبیش. ئایا چۆن بتوانین بگەینە لێک تێگەیشتنێک کە بەرژەوەدنی هەموان لە هەرێمەکەدا بپارێزێت لەبری ئەم ململانێیە کە ژیان ئفلیج دەکات. عێراق تەنها وڵاتی عەرەبیە جگە لە سوریا کە سنوری جوگرافی هاوبەشی لەگەڵ ئێران و تورکیا هەیە ، هەربۆیە هەر ناکۆکییەک لە نێوان تورکیا و ئێراندا بەرپا ببێت ئەوا کاریگەری لەسەر عێراق دەبێت."

- ئایا رەوشی موسڵی دوای تێکشاندنی داعش لەو شارەدا چۆن دەبینیت و هەروەها مەترسیەکان لە هێزەکانی حەشدی شەعبی یان تورکیا و زیانە گیانیەکان لە نێو ڕیزەکانی هاوڵاتیانی سیڤیل بە تایبەت کوژرانی ئەو ژمارە زۆرە لە کەسانی سیڤیل وەک دەگوترێت لە هێرشی ئاسمانی فڕۆکەکانی هاوپەیمان و هەروەها بەهۆی هێرشی هیزەکانی عێراقی؟

" لە ڕاستیدا کوژرانی خەڵکانی سیڤیل کارەساتە، کارەساتەکە هەر ئەمە نیـیە، لە سەرەتای شەڕەکانمان لە هەر شوێنێک بووبێت کۆمەڵکوژی داعشمان تیایاندا بەدیکردووە، چەکدارانی داعش هەر شوێنێک بەجێ دهێڵن هاوڵاتیانەکەی دەکوژن، ئەمە لە ئەنبار و لە سەلاحەدین و بێجی ئەنجامیاندابوو ئێستاش لە نەینەوا ئەو کۆمەڵ کوژیە دەکەن. سەرجەم ئەوناوچانەی رزگارمان کردوون، داعش لە خەڵکەکەی کوشتووە. ئەوەی لە ئێستادا لە ناوچەی موسڵی دێرین کە کۆڵانەکانی زۆر تەسکن روودەدات، بە هۆی تەسکی کۆڵانەکانی ئەو ناوچەیەی موسڵ. هێزەکانی عێراقی ناتوانن زرێپۆش بەکار بهێنن ، هەربۆیە بە پیادە پیایاندا دەڕۆن و شەڕ دەکەن. جا ئەوەی چەکدارانی داعش دەیکەن ئەوەیە کە ماڵەکان بۆمبڕێژدەکەن یان ئۆتۆمبیلی بۆمبرێژکراو لەو کۆڵانە تەسکانەدا دادەنێن بۆ ئەوەی گەورەترین زیان بە هێزەکانمان بگەینن. من لە زاری هاوڵاتیەکی موسڵەوە بیستم کە چەکدارانی داعش ئۆتۆمبیلێکی بۆمبرێژکراویان تەقاندەوە کە چوار خانوی وێرانکرد. داعش بڕێکی زۆر لە تەقەمەنی بەکار دەهێنن بۆ ئەوەی گەورەترین زیان بە هاوڵاتیان بگەیەنن، هاوکات ئاگادارم کە ملیتانانی داعش لە ناوچەکانی موسڵی دێرێندا مرۆڤەکان وەک قەڵغان بەکار دەهێنن و ژمارەیەکی زۆر لە هاوڵاتیان دەخەنە نێو ماڵێکی بۆمبرێژکراو و ئۆتۆمبیلی بۆمبڕێژکراو لە دەرەوەی ئەو ماڵە دادەنێن بەو هیوایەی ئۆتۆمبیلەکە بتەقێتەوە و ماڵەکەش لەگەڵیدا بتەقێتەوە یان بەهۆی لێدانی ئۆتۆمبیلەکەوە و تەقینەوەی، زیانێکی گەورەی گیانی بە هاوڵاتیانی سیڤیل بگەیەنن. بەڵی ئێمە لێکۆڵینەوەمان لە کوژرانی زیاتر لەو سەد کەسە کردووە و گەیشتینە ئەو دەرئەنجامەی کە ئەو کارە داعش ئەنجامی دابوو . بەڕێز وەزیری بەرگریمان پێی گوتم کە ڕووبەری ئەو خانووە 150 مەتر دووجا بوو، جا ئەگەر بە زۆرە ملێ ئەو کەسانە نەخرابنە نێو ئەو خانوەوە چۆن ئەو ژمارە زۆرە لە حاڵەتی جەنگدا روو لە و خانوە بچوکە دەکەن ، هەروەها دانیشتوانی ئەو گەڕەکە پێیان گوتین کە داعش ئەو خەڵکانەی بە زۆرە ملێ خستبووە نێو ئەو ماڵەوە. "

سەبارەت بە رەوشی موسڵی دوای داعش و ئەگەرەکان و چوونی هێزەکانی حەشدی شەعبی بۆ نێو ئەو شارە یان رۆڵی تورکیا لەو پارێزگەیەدا. لەوەڵامدا عەبادی گوتی:

"ئەوانە هەمووی بۆچون و لێکدانەوەن ، هاوشێوەی ئەو بۆچون و پێشبینیانەن کە بۆ فەلـلوجە و ئەنبار دەکران و بەو شێوەیەش دەرنەچوون.لە ئێستادا لەسەدا 75 هاوڵاتیانی فەلـلوجە و رومادی گەڕاونەتەوە سەر زێدی خۆیان و هیچ کارێ تیرۆرستی تیایاندا روونادات بەڵام داعش لەدەرەوەی سنووریان هەوڵدەدەن دزە بکەنە نێو ئەو ناوچانە و کاری تیرۆرستی ئەنجام بدەن. هەوڵەکانمان بۆ موسڵ ئاوەدانکردنەوەی شارەکەیە و بەرقەرارکردنی ئاسایشە تیایدا. لە موسڵدا هەمووان بە جیاوازی ئاین و نەتەوە بەشداری لە ڕزگارکردنی شارەکەدا دەکەن و خەمخورین، بۆیە ئەوانە لێکدانەوە و پێشبینی نادروستن."

- ئایا ئاسایبوونەوەی پەیوەندیەکانتان لەگەڵ شانشینی سعودی، ئێران نیگەران دەکات یان لایەنانی عێراقی نیگەران دەکات؟

"من ئەوە بەدوور دەزانم و هیچ شتێکم نەبیستوە سەبارەت بەوەی ئێران نیگەران بکات، بەڵام دەشێت لایەنی عێراقی هەبێت بەوە نیگەران بێت و هەر لایەنەش لە ڕوانگەی خۆیەوە دەیبینێت ، هەروەک تۆ فەرمووتهەندێک سعودیە بە پشتیوانکاری تیرۆر دەبینێت و هەندێک لایەنی عێراقیش بە شێوەیەکی تر ئێران دەبینن ، جا بۆ ئەوەی ئێمە هەموو لایەنێک دڵنیا بکەین، دەبێت پەیوەندیەکانمان لەگەڵ هەموویاندا ئاسایی بکەینەوە و بەو کارەشمان ناڕۆشنی کە لەسەر عێراق هەن خاودەکەینەوە."

- دوای قسەکردنتان لەگەڵ سعودیە ئایا لەسەر چی ڕێککەوتن؟

"لەسەر ئاسایکردنەوەی پەیوەندیەکانمان و پتەوکردنیان لەسەر هەموو ئاستەکان و پەیوەندیەکانیشمان نەک هەر تەنها بە ڕواڵەتی بێت و هەروەها تەنها لەسەر ئاستی حکومەتی بێت. دەبێت پەیوەندیەکانمان لەگەڵ سعودیە لەسەر بنەمای دروست بن و لایەنەکانی سیاسی و ئابوری کۆمەڵاتی لەخۆ بگرن."

- سەبارەت بە قەیرانی سوریا، ئایا عێراق هاوپەیمانی رژێمی سوریایە؟

" لە ڕوانگەی ئێمەوە نابێت دەست وەردەین لە کاروباری سوریادا، ئەوە وڵاتێکی هاوسێمانە و ئێمە بەرژەوەندی هاوڵاتیانی سوریامان گەرەکە. ئێمە نامانەوێت ببینە لایەن لە دیاریکردنی ئایندەی گەلانی سوریادا. بەڵام خاڵیکی دیکە هەیە کە ئێمە تیادا ڕاوبۆچوونی جیاوازمان هەیە ئەویش مەسەلەی سنوورمانە لەگەڵ سوریا.لە پەیوەندیەکانماندا ئێمە مامەڵە لەگەڵ حکومەتی سوریادا دەکەین ئەگەر وانەکەین چۆن دەبێت ئێمە لە بواری گومرگی سنووری نێوانمان سەرو سەودا لەگەڵ گروپی چەکداری لەو وڵاتەدا بکەین، هەر بۆیە دەبێت ئێمە لەگەڵ حکومەتی سوریادا مامەڵە بکەین جا هەر کەسێک بێت. دەبێت ئەو حکومەتە دەروازە سنووریەکانیان لەگەڵ عێراق بپارێزن بۆ ئەوەی لە هیچ لایەکەوە دزە نەکرێتە نێو خاکی وڵاتی هاوسنوور. "

XS
SM
MD
LG