سەرەڕای فشارەکانی ئەمەریکا بۆ ڕێگریکردن لێیان، حکومەتەکەی سەرۆکی بەڕازیل لویز ئیناسیۆ لولا دە سیلڤا مۆڵەتی بە دوو کەشتی جەنگی ئێرانیدا لە ڕیۆ دی جانیێرۆ لەنگەر بگرن.
بەرپرسانی بەندەری ڕیۆ لە بەیاننامەیەکدا وتییان کەشتییە جەنگییەکانی ئایریس ماکران و ئایریس دینا هەردووکیان بەیانی ڕۆژی یەکشەممە گەیشتوونەتە بەندەرەکە.
لە ماوەی ڕابردوودا لەم مانگەدا ڕۆیتەرز بڵاویکردەوە بەڕازیل چۆکی بۆ فشارەکانی ئەمەریکا داوە و لە کۆتایی مانگی یەکدا داوایەکی ئێرانی ڕەت کردۆتەوە بۆ لەنگەرگرتنی کەشتییەکان لە ڕیۆ، ئەوەش لە کاتێکدا بوو کە لولای سەرۆکی بەڕازیل سەردانی ئەمەریکای کرد و لەگەڵ سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدندا کۆبۆوە.
بەڵام دوای ئەوەی گەشتەکەی لولا کۆتایی هات، ڕێگەدراوە بە کەشتییە ئێرانییەکان لە ڕیۆ لەنگەر بگرن. جێگری سەرۆکی ستافی دەریایی بەڕازیل ئەدمیڕاڵ کارلۆس ئیدواردۆ هۆرتا ئارینتز ڕەزامەندی خۆی دەربڕیوە بۆ لەنگەرگرتنی کەشتییەکان لە ڕیۆ لە 26 ی مانگی دووەوە تاوەکو 4 ی مانگی سێ، ئەمەش بەپێی ئاگادارییەکی 23 ی مانگی دوو کە لە ڕۆژنامەیەکی فەڕمیدا بڵاوکرایەوە.
بوونی کەشتییە جەنگییەکانی ئێران لەسەر کەنارەکانی بەڕازیل شتێکی بێزارکەرە بۆ ئەمەریکا لە کاتێکدا کە واشنتن دەیەوێت پەیوەندییەکی نزیکتر لەگەڵ بەڕێوبەرایەتییەکەی لولادا بونیاد بنێت، کە لە 1 ی مانگی یەکدا سەرۆکایەتی بەڕازیلی گرتە دەست.
لە 15 ی مانگی دوودا لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا باڵیۆزی ئەمەریکا لە بەڕازیل ئیلیزابێث باگلی داوای لە بەڕازیل کرد ڕێگە نەدات کەشتییە ئێرانییەکان لەنگەر بگرن.
وتی " لە ڕابردوودا ئەو کەشتییانە کارئاسانییان بۆ چالاکییە تیرۆریستیی و بازرگانییە نایاساییەکانیان کردووە، هەروەها لەلایەن ئەمەریکاوە سزایان بەسەردا سەپێندراوە. بەڕازیل وڵاتێکی خاوەن سەروەرە، بەڵام بە تەواوەتی باوەڕمان وایە ئەو کەشتییانە نابێت لە هیچ شوێنێکدا لەنگەر بگرن."
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز