Accessibility links

سوپای پاسدارانی ئێران دەڵێت کۆڵۆنێڵێک لە تاران کوژراوە


ڕۆژی یەکشەممە سوپای پاسدارانی ئێران ڕایگەیاند یەکێک لە ئەفسەرەکانیان، کۆڵۆنێڵ سەیاد خۆدای، لە تاران کوژراوە.

دەزگای هەواڵی نیمچە فەڕمی تەسنیمی ئێران وتی خۆدای " یەکێک بووە لە بەرگریکارانی مەزارگەکان "، ئەوەش وەکو ئاماژەیەک بۆ ئەو سەربازانە یاخود ڕاوێژکارانەی کە ئێران دەڵێت لەجیاتی وڵاتەکە شەڕ دەکەن بۆ پاراستنی شوێنی شیعەکان لە دەستی داعش لە عێراق و سوریادا.

تەسنیم لە زاری سەرچاوەیەکی نافەڕمییەوە بڵاویکردەوە دوو کەس کە ماتۆڕییان پێبووە تەقەیان لە خۆدای کردووە، هاوکات دەزگای هەواڵی ئیسنای ئێرانی وتی ئەندامانی تۆڕێکی دەزگای هەواڵگری ئیسڕائیل دۆزراونەتەوە و لەلایەن سوپای پاسدارانەوە دەستگیرکراون.

ئۆفیسی سەرۆک وەزیری ئیسڕائیل، کە سەرپەرشتی ئەرکەکانی دەزگای هەواڵگری موسادی وڵاتەکە دەکات، ڕەتی کردەوە لێدوان لەسەر ڕووداوەکانی ناو تاران بدات.

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران سەعید خەتیبزادە وتی " دوژمنە سەرسەختەکانی سیستمی پیرۆزی کۆماری ئیسلامی ئێران جارێکی دیکە سروشتی دڕندانەی خۆیان پیشاندایەوە و یەکێک لە ئەندامانی هێزەکانی سوپای پاسدارانی ئێرانیان کوشت."

لە ساڵی 2010 ەوە لانی کەم شەش زانا و ئەکادیمی ئێران کوژراون، زۆربەیان لەلایەن ئەو کەسانەوە کوژراون کە ماتۆڕییان پێبووە، باوەڕ وایە ئەم ڕووداوانە ئامانج لێیان تێکدانی بەرنامە ناوەکییەکەی ئێران بێت کە ڕۆژئاوا دەڵێت تاران دەیەوێت لەڕێی بەرنامە ناوەکییەکەیەوە بۆمبی ئەتۆم بەرهەم بهێنێت.

ئێران ئەوە ڕەت دەکاتەوە و دەڵێت بەرنامە ناوەکییەکەی بۆ مەبەستی ئاشتیانەیە، هەروەها سەرکۆنەی کوشتنەکانیشی کردووە و وەکو تیرۆر ناویبردوون و دەڵێت لەلایەن موساد و دەزگای هەواڵگرییەکانی ڕۆژئاواوە ئەنجامدراون.

لە مانگی چواردا دەزگای هەواڵی فارس بڵاویکردوە وەزارەتی هەواڵگری ئێران سێ سیخوڕی موسادییان دەستگیرکردووە.

" بەرگریکارانی مەزارگەکان " خۆبەخشە ئەفغانی و پاکستانییەکانیش دەگرێتەوە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG