Accessibility links

ئێران: لە هێرشێکی ئاسمانی ئیسرائیلدا ژەنەڕاڵێکی سوپای پاسدارانی ئێران لە سوریا کوژراوە


ڕەزی موسەوی
ڕەزی موسەوی

سوپای ئێران ڕایگەیاند ژەنەڕاڵێکی باڵای سوپای پاسدارانی ئێران ڕۆژی دووشەممە لە سوریا لە هێرشێکی ئاسمانی ئیسرائیلدا کوژراوە، بەڵێنیشیدا تۆڵەی "ئەو تاوانە" بکاتەوە.

دەزگای ڕاگەیاندنی ئیرنای ئێران وتی " چەند کاتژمێرێکی کەم لەمەوبەر ڕەزی موسەوی لە ماوەی هێرشێکی ڕژێمی زایۆنیدا لە دەوروبەری دیمەشق کوژراوە." وتیشی موسەوی " یەکێک بووە لە ڕاوێژکارە هەرە بە ئەزموونەکانی " سوپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی لە سوریا.

ئیسرائیل تاوەکو ئێستا لێدوانی نەداوە، ئیسرائیل هەمیشە وتوویەتی ڕێگە نادات ئێرانی دوژمنی سەرسەختی پێگەی لە سوریا فراوان بکات.

ئاژانسی ئیرنا دەڵێت موسەوی " چالاک بووە و پشتیوانی لۆجیستیکی بۆ بەرەی بەرهەڵستکاران لە سوریا دابین کردووە." ئەوەش وەکو ئاماژەیەک بۆ ئەو گروپە چەکدارییانەی کە دوژمنی ئیسرائیلن و ئێران پشتیوانییان لێدەکات.

سوپای پاسدارانیش کوژرانی موسەوی پشتڕاست کردەوە و وتی لە " هێرشێکی موشەکیدا " کوژراوە و بەڵێنیدا " ئیسڕائیل باجی ئەم تاوانەی دەدات."

سوپای پاسداران وتیشی موسەوی هاوەڵی قاسم سولەیمانی بووە.

سولەیمانی لە ساڵی 2020 دا لە هێرشێکی ئاسمانی ئەمەریکادا لە فڕۆکەخانەی بەغدادی پایتەختی عێراق کوژرا.
هەفتەی داهاتوو چوار ساڵ بەسەر کوژرانی سولەیمانییدا تێدەپەڕێت.

کەناڵی تەلەفیزیۆنی ئێران وتی موسەوی لە ڕێی " سێ موشەکەوە " کراوەتە ئامانج و ڤیدیۆیەکی بڵاوکردەوە کە تێیدا دووکەڵ لەو ناوچەیە بەرز دەبێتەوە کە هێرشەکەی کراوەتە سەر.

ڕوانگەی سوریا بۆ مافەکانی مرۆڤ کە چاودێری جەنگەکەی سوریا دەکات و بنکەکەی لە بەڕیتانیایە، وتی ئیسڕائیل ئەو شوێنانەی ناو سوریای کردووەتە ئامانج کە لەلایەن گروپەکانی ئێران و حزبوڵای لوبنانەوە بەکاردەهێندرێن لە ناوچەی سەیدا زەینەبی دیمەشق.

دانیشتوانیش باسییان لەوە کرد گوێیان لە دەنگی تەقینەوە بووە و دووکەڵییان بینیوە لە کێڵگەکانی ئەو ناوچەیەوە بەرزبووەتەوە.

لە دوای دەستپێکردنی شەڕی ناوخۆی سوریاوە لە ساڵی 2011 دا، ئیسڕائیل سەدان هێرشی ئاسمانی کردووەتە سەر سوریا، بە شێوەیەکی سەرەکی هێزەکانی سەر بە ئێران و چەکدارانی حزبوڵا و شوێنەکانی سوپای سوریای کردووەتە ئامانج.

ئیسڕائیل بە دەگمەن لێدوان لەسەر هێرشە ئاسمانییەکانی سەر سوریا دەدات، لەم دواییانەشدا و لە دوای دەستپێکردنی جەنگەکەیەوە دژی حەماس لە غەززە، هێرشەکانی بۆ سەر حزبوڵای لوبنان چڕتر کردووەتەوە.

ئێران کە لە ڕووی دارایی و سەربازییەوە پشتیوانی لە حەماس دەکات، ستایشی هێرشەکانی حەماسی کرد لە 7 ی مانگی 10 دا بۆ سەر ئیسڕائیل و بە " سەرکەوتن " ناویبرد. بەڵام ڕەتی کردووەتەوە ڕاستەوخۆ بەشدار بووبێت. هەر ئەو هێرشانەی حەماسیش بوو بووە هۆی هەڵگیرسانی جەنگەکە لە غەززە و کوژرانی هەزاران کەس.

بەرپرسانی ئیسڕائیل دەڵێن بەهۆی هێرشەکانی حەماسەوە نزیکەی 1140 کەس لە ئیسڕائیل کوژراون کە زۆربەیان هاووڵاتی سڤیل بوون.

بەرپرسانی تەندروستی غەززەش دەڵێن تاوەکو ئێستا بەهۆی هێرشەکانی ئیسڕائیلەوە 20,400 کەس کە زۆربەیان ژن و منداڵ بوون کوژراون.

ئێران دان نانێت بە ئیسڕائیلدا و لە شۆڕشی ئیسلامییەوە لە ساڵی 1979 ەوە پشتیوانیکردنی لە پرسی فەلەستینییەکان کردووە بە کاری سەرەکی خۆی لە سیاسەتی دەرەوەیدا.

سەرچاوە/ فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG