Accessibility links

سەرۆک بایدن باری نائاسایی نیشتمانی لە دژی کۆماری ئیسلامی ئێران درێژ دەکاتەوە


جۆو بایدن سەرۆکی ئەمەریکا ڕۆژی سێشەممە بۆ ساڵێکی تر باری نائاسایی نیشتمانی ئەمەریکای لە دژی کۆماری ئیسلامی ئێران درێژکردەوە.

لە بەیاننامەیەکی کۆشکی سپیدا ڕاگەیەندراوە بڕیاری جێبەجێکاری 12170 لە 14ی مانگی 11ی ساڵی 1979 دەرچووە ، بە پێی ئەو بڕیارە، ئێران وەک هەڕەشەیەکی نائاسایی و گەورە بۆ سەر ئاسایشی نیشتمانی و سیاسەتی دەرەوە و ئابووری ئەمەریکا دەستنیشان کرابوو.

بەپێی بەیاننامەکەی کۆشکی سپی پەیوەندییەکانی ئەمەریکا و ئێران هێشتا ئاسایی نەبووەتەوە و پرۆسەی جێبەجێکردنی ڕێککەوتننامەکان لەگەڵ ئێران لە 19ی مانگی 1ی ساڵی 1981وە وەک خۆی بەردەوامە. بەیاننامەکە دەشڵێت "باری نائاسایی نیشتمانی لە 14ی مانگی ساڵی 1979دا بۆ ئەو ڕێوشوێنانەی لەو ڕۆژەدا گیراوەتەبەر و هەر بۆیەش دەبێت لە 14ی مانگی 11ی ساڵی 2021 وە بەردەوام بێت و باری نائاسایی نیشتمانی لە دژی ئێران بە پێی ئەو بڕیارە بۆ ماوەی ساڵێکیتر درێژ بکرێتەوە."

بەپێی ڕاگەیەندراوەکە هەروەها باری نائاسایی نیشتمانی کە بە پێی بڕیاری 12170 ڕاگەیەندراوە، لەگەڵ بڕیاری 12957 کە لە 15ی مانگی 3 ی ساڵی 1995 دەرچووە، جیاوازی هەیە.

بڕیارەکە یەکەم جار لە 14ی مانگی 11ی ساڵی 1979 لەلایەن جیمی کارتەر سەرۆک کۆماری ئەو کاتەوە بە فەرمانی جێبەجێکاری سەرۆکایەتی ئەنجامدرا و لەو کاتەشەوە هەموو ساڵێک سەرۆکەکانی ئەمەریکا بڕیارەکە درێژ دەکەنەوە.

XS
SM
MD
LG