دەسەڵاتدرانی ئێران دەڵێن سزای مەرگیان بەسەر کارمەندێکی پێشووی وەزارەتی بەرگری وڵاتەکەیان جێبەجێکردووە بە تۆمەتی فرۆشتنی زانیاری بە دەزگای هەواڵگری ئەمەریکا.
ماڵپەڕی میزان لە زاری وتەبێژی دەسەڵاتی دادوەری ئێران " غولام حوسەین ئیسماعیلی" بڵاویکردەوە کە گوتبوی؛ "رەزا ئەسغەری" پەیوەندی لەگەڵ دەزگای ناوەندی هەواڵگری ئەمەریکا هەبووە لە دوا ساڵەکانی کاری لە وەزارەتی بەرگری ئێراندا و ناوبراو زانیاری وەزارەتەکەی پەیوەست بە پرۆگرامی موشەکی ئێرانی فرۆشتووە.
رەزا ئەسغەری چوار ساڵ لەمەوبەر خانەنشین بوو ، وتەبێژەکە ئیسماعیلی گوتیشی هەفتەی رابردوو سزای مەرگی بەسەردا جێبەجێکرا.
وتەبێژەکەی ئێران گوتیشی مەحمود موسەوی ماجید کە ئەویش بە سیخوڕیکردن بۆ ئەمەریکا و ئیسرائیل تۆمەتبارکراوە لە نێو ئەوانەدایە کە چاوەڕواندەکرێت سزای مەرگیان بەسەردا جێبەجێدەکرێت.
ساڵی رابردوو ئێران رایگەیاند 17 کەسی دەستگیرکردووە بە تۆمەتی کارکردن لەگەڵ دەزگای ناوەندی هەواڵگری ئەمەریکا.
سەرچاوە: رۆیتەرز