Accessibility links

جان کێری سوپاسی ئێران دەکات لەسەر ئازادکردنی دەریاوانە ئەمەریکایـیەکان


وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا سوپاسی ئێرانی کرد لەسەر ئازادکردنی ئەو 10 دەریاوانەی هێزی دەریایی ئەمەریکا، ئەوانەی ڕۆژی سێشەممە بە هەڵە چووبوونە نێو ئاوەکانی ئێرانەوە و لە لایەن هێزێکی دەریایی ئێرانەوە دەسـتگیرکران.

جان کێری ئەمڕۆ چوارشەممە لە بەیانـنامەیەکدا هەروەها خۆشحاڵی خۆی دەربڕی بە بۆنەی گەڕانەوەی دەریاوانەکان بە سەلامەتی. ئاماژەی بۆ ئەوە کرد کە چارەسەرکردنی کێشەکە بە شێوەیەکی ئاشتیـیانە نیشانی دەدات دیپـلۆماسیەت چۆن دەتوانێت ڕۆڵی خۆی ببینێت بۆ سەلامەتی و ئاسایشی و بەهێزی ئەمەریکا.

پـێشتر وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا ڕایگەیاند دەریاوانەکان بەبێ زیان ئەمڕۆ چوارشەممە بە هەردوو بەلەمەکەیانەوە گەڕانەوە.

ئێران لای خۆیەوە لە زاری ئەدمیراڵ عەلی فەدەوی فەرماندەی هێزی دەریایی سوپای پاسداران گوتی ئەو دەریاوانانە بۆ کاری دوژمنکارانە یان سیخوڕی خۆیان نەکردبوو بە نێو ئاوی ئێراندا، بۆیە ئازاددەکرێن. باسی لەوەش کرد جان کێری پەیوەندی بە محەمەد جەواد زەریف وەزیری دەرەوەی ئێران کردبوو تاوەکو ئەو دەریاوانانە ئازادبکرێن.

بەپـێی وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا هەردوو بەلەمەکە لە کوەیتەوە بەرەو بەحرەین دەرچووبوون، بەڵام بەهۆی کێشەی تەکنیکی بەلەمەکانیان گرفتیان تێکەوتبوو.

XS
SM
MD
LG