Accessibility links

وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا: هێلیکۆپتەرێکی هێزی دەریایی ئێران لە کەشتیەکی جەنگی ئەمەریکا نزیک بۆتەوە


وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا وتی هەفتەی ڕابردوو فڕۆکەیەکی هێلیکۆپتەری ئێران تەنها 23 مەتر دوور بووە لە کەشتیەکی جەنگی ئەمەریکاوە لەکاتێکدا بەرەو کەنداوی عومان ڕۆیشتووە.

وتەبێژی وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا جۆن کیربی بە ڕۆژنامەنووسانی وت " هێلیکۆپتەرەکە بەشێوەیەکی ناپیشەیی و ناپارێزراوی فڕیوە بەسەر کەشتیە جەنگیەکەی ئەمەریکادا و تەنها 3 مەتر لە پشتی کەشتیەکەوە بەرز بووە."

وتی " کاتێک هێزێکی چەکداری دیکەت دەبێت، لەم حاڵەتەدا هێزی دەریایی ئێران، کە بەم شێوەیە دەفڕێت، بەدڵنیاییەوە مەترسی زیادبوونی جۆرە گرژییەک یاخود بە هەڵە لێکدانەوە لەلات دروست دەبێت."

لەلای خۆیەوە دەزگای هەواڵی فەڕمی ئێران ئێرنا وەزارەتی بەرگری ئەمەریکای تۆمەتبار کرد بەوەی هەوڵدەدات " بیانوو بهێنێتەوە بۆ بوونی نایاسایی سوپای ئەمەریکا لە ناوچەکەدا."

بەرپرسێکی بەرگری ئەمەریکا بە دەنگی ئەمەریکای وت ڕووداوەکە لە 11 ی مانگی یانزەدا ڕوویداوە، گرتە ڤیدیۆیەک کە لە کەناڵە ئێرانیەکانی تێلیگرامدا بڵاوبۆتەوە و گرتەکە لەناو فڕۆکە ئێرانیەکەوە تۆمارکراوە، ڕووبەڕووبوونەوەیەکی 45 چرکەیی پیشان دەدات.

ڕووداوەکە چەند ڕۆژێک دوای ئەوە دێت کۆمەڵێک فڕۆکەی بێفڕۆکەوان کە باوەڕ وایە ئێرانی بووبێتن، بەشێوەیەکی ناپارێزراو نزیک کەشتی جەنگی ئەمەریکی یو ئێس ئێس ئێسێکس دەبنەوە لە تەنگەی هورموز.

هەروەها دوای ئەوەش دێت سوپای پاسدارانی ئێران بانگەشەی ئەوەی کرد هەوڵێکی ئەمەریکای بۆ دەستگرتن بەسەر کەشتیەکی نەوت هەڵگردا پوچەڵ کردۆتەوە کە نەوتی ئێرانی پێبووە. ئەمەریکاش ئەوەی ڕەت کردەوە و وتی " بەتەواوەتی هەڵەیە و ڕاست نیە."

لە ماوەی ڕابردوودا لەم مانگەدا کیربی وتی لەڕاستیدا ئەوە هێزەکانی ئێران بووە کە بەشێوەیەکی نایاسایی دەستیان بەسەر کەشتیەکدا گرت لە دەریای عومان.

گرژییەکانی نێوان ئەمەریکا و ئێران زیادیکردووە، ئەوەش دوای ئەوەی سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ لە ساڵی 2018 دا لە ڕێکەوتنە ناوەکیەکەی نێوان ئێران و زلهێزەکانی جیهان کشایەوە و سەرجەم سزاکانی سەپاندەوە بەسەر تاراندا. لەلای خۆشیەوە تاران وەکو وەڵامێک کۆمەڵێک بەرپرسیارێتی گرنگی لە ڕێکەوتنەکەدا پێشێلکردووە.

سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا

XS
SM
MD
LG