Accessibility links

وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا تاوتوێی بابەتی ئێران لەگەڵ بەریتانیا، فەرەنسا و ئەڵمانیا دەکات


وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئەنتۆنی بلینکن ڕۆژی هەینیلە دیمانەیەکی ئۆنلایندا لەگەڵ هاوشانە بەریتانی، فەرەنسی و ئەڵمانییەکەیدا تاوتوێی ئێران و چەند تەوەرێکی تری کرد لە کاتێکدا گروپەکە هەڵسەنگاندن بۆ چۆنیەتی نوێکردنەوەی ڕێککەوتنی ناوکی دەکەن.

وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا ڕایگەیاند بابەتەکانی تری کە لەگەڵ ئەو وەزیرانەی دەرەوەی وڵاتانی ئەورپا تاوتوێ کراوە بریتین لە پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنا، مینمار، روسیا، چین و گۆڕانکاری ژینگە. هاوکات بلینکن " تیشکی خستەسەر وابەستەیی ئەمەریکا بە کرداری هاوبەش بۆ زاڵبوون بەسەر ئاستەنگە جیهانییەکاندا."

وەزیری دەرەوەی فەرەنسا ژان یڤ لێدرایەن لە تویتێکدا دەڵێت " ئێمە کۆبونەوەیەکی قوڵ وگرنگمان هەبوو لەسەر ئێران، بۆ تاوتوێکردنی چۆنیەتی مامەڵەکردنی هاوبەشمان لەگەڵ ئاستەنگەکانی ناوکی و ئاسایشی هەرێمی."

وەزیری دەرەوەی بەریتانیا دۆمینیک ڕاب و هایکۆ ماسی ئەڵمانیاش لەو کۆبونەوەیەدا ئامادە بوون.

گفتوگۆ باڵاکە دوایین هەنگاوی ئیدارە نوێیەکەی سەرۆک جۆو بایدنە بۆ دۆزینەوەی چۆنیەتی گەڕاندنەوەی ئەو ڕێککەوتنە ناوکییەی ساڵی 2015کە ئێران لەگەڵ زلهێزانی جیهانی مۆری کردووە بەڵام لە ساڵی 2018 سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ لێی کشایەوە.

ئەو ڕێککەوتنە چالاکییە ناوکییەکانی ئێرانی سنووردار کرد تا دروستکردنی چەکێکی ناوکی لەلایەن تارانەوە سەختتر بکات، لە کاتێکدا ئێران نکوڵی لەوە دەکات بەرنامە ناوکییەکەی بە مەبەستی دروستکردنی چەک بێت، لەبەرامبەردا سزا ئابورییەکان لەسەر ئێران سوککران.

بە کشانەوەی لەو ڕێککەوتنەی کە بەڕێوەبەرایەتی باراک ئۆبامای سەرۆکی پێشوو پەسەندی کردبوو، ترامپ تەواوی سزاکانی ئەمەریکای سەپاندەوە و سزای تریشی زیاد کرد.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لە بابەتەکە بەر لە کۆبونەوەکەی ڕۆژی هەینی گوتی بەوە ناچێت ڕێککەوتنێکی باش لەسەر ئێران بکرێت و ئەمە یەکەم دەرفەتیشە کە وەزیرەکان بتوانن تاوتوێی ئەو بابەتە بکەن.

ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانی کۆبونەوەیەک ئەنجام دەدات کە کاربەدەستە باڵاکانی ئەمەریکا تیایدا بەشدار دەبن جگە لە خودی بایدن.

جێن ساکی گوتەبێژی کۆشکی سپی گوتی " کۆبونەوەیەکی ئەمڕۆ (ڕۆژی هەینی) بەشێکە لە پێداچوونەوە بە ڕێبازەکاندا. کۆبونەوەیەک نییە بۆ بڕیاردان."

بایدن کە لە مانگی ڕابوردوو هاتە سەر دەسەڵات، ڕایگەیاندووە ئەگەر تاران بگەڕێتەوە بۆ پابەندبوونی توندی بە پەیماننامەی ناوکی ساڵی 2015 ، واشنتن تاوتوێی دەکات و وەکو دەستپێکێکی ڕێککەوتنێکی فراوانتر بەکاری دەهێنێت کەڕەنگە دروستکردنی چەکی ناوکی لەلایەن ئێرانو چالاکییە ناوچەییەکان سنووردار بکات .

تاران جەختی لەوە کردۆتەوە کە واشنتن سزاکان سوک بکاتەوە پێش ئەوەی دەست بە پابەندبوونەکانی بکاتەوە و دانوستانەکانی لەسەر پرسی ئاسایشی فراوانتر ڕەت کردۆتەوە. بەڵام وەزیری دەرەوە محەمەد جەواد زەریف ڕۆژی دووشەممە ئاماژەی بە ڕێگایەک کرد بۆ چارەسەرکردنی بنبەستەکە لەسەر ئەوەی کە کێ یەکەم هەنگاو دەنێت کە پێویستە بە هەماهەنگی بێت.

XS
SM
MD
LG