ئێران ده‌ڵێت ئه‌و به نیازه یه‌ک له‌و سێ شـاخه‌وانه ئه‌مه‌ریکایـیانه ئازاد بکات که زیاتر بۆ سـاڵێـکه ده‌سـتگیرکردوون.
ڕۆژی پـێـنجشه‌ممه وه‌زاره‌تی فه‌رهه‌نگ و ئیرشـادی ئیسلامی ئێران له بڵاوکراوه‌یه‌کیدا له‌سه‌ر ئنته‌رنێت گوتی یه‌ک له‌و سێ شـاخه‌وانه به‌یانی ڕۆژی شه‌ممه له تاران ئازاد ده‌کرێت، به‌ڵام ئاماژه بۆ ئه‌وه ناکات که کامیان ده‌بێت.
جێی وه‌بیرهێنانه‌وه‌یه شه‌ین باور و سارا شورد و جۆش فه‌تال له 31 ی مانگی حه‌وتی سـاڵی 2009 وه له‌سه‌ر سـنووری عێراق- ئێران ده‌سـتگیرکراون، کاتێـک له ناوچه‌ی ئه‌حمه‌د ئاوای پارێزگای سلێمانیـیه‌وه به هه‌ڵه خۆیان کردبوو به ناو ئێران‌دا.
کاربه‌ده‌سـتانی ئێران تۆمه‌تی سیخوڕیان دایه پاڵیان.
هه‌ر ڕۆژی پـێـنجشه‌ممه گوته‌بێژی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریکا مارک تۆنه‌ر گوتی ئه‌گه‌ر ئه‌م هه‌واڵه ڕاست بێت ئه‌وا شتێـکی زۆر دڵخۆشـکه‌ره. گوتیشی ئه‌مه‌ریکا هیواداره ئێران هه‌رسێ شـاخه‌وانه‌که له‌سه‌ر بنه‌مای مرۆیی ئازاد بکات.
ئاژانسه‌کانی هه‌واڵی ڕۆژئاوایی له زاری کاربه‌ده‌سـتانی ئێرانه‌وه بڵاوی ده‌که‌نه‌وه که ده‌ڵێن ڕۆژنامه‌وانان بۆ ئه‌و ڕێوڕه‌سمی ئازاد کردنه بانگهێشت کراون که له هوتێلی ئیستیقلال به‌ڕێوه‌ده‌چێت، واته له هه‌مان ئه‌و هوتێله‌ی له مانگی پـێـنجدا سێ شاخه‌وانه‌که چاویان دایکانی خۆیان که‌وت.
له مانگی هه‌شت دایکی سـارا شورد گوتی کچه‌که‌ی ته‌له‌فونی بۆ کردووه و پـێی گوتووه نه‌خۆش که‌وتووه و لوو له مه‌مکی هاتووه.