Accessibility links

دوو بەرپرسی ئێرانی: سەرۆک ترامپ لەڕێی عومانەوە هۆشیاری داوەتە ئێران و داوای وتوێژی کردووە


دوو بەرپرسی ئێرانی بە ڕۆیتەرزیان وت تاران نامەیەکی لە سەرۆکی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپەوە پێگەیشتووە لەڕێی عومانەوە و تیایدا هۆشیاری داوە لەسەر هێرشی ئەمەریکا بۆ سەر ئێران.

دوای ماوەیەکی کەم لە بڵاوبوونەوەی ڕاپۆرتەکەی ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز دوو بەرپرسەکە قسەیان کرد، ڕۆژنامەکە ئاماژەی بەوەداوە سەرۆک ترامپ ڕازی بووە لەسەر ئەوەی هێرشی ئاسمانی بکرێتە سەر ئێران وەکو وەڵامدانەوەیەک بۆ خستنە خوارەوەی فڕۆکە بێ فڕۆکەوانەکەی ئەمەریکا، بەڵام لە دوایین ساتەکاندا هێرشەکانی هەڵوەشاندۆتەوە.

یەکێک لە بەرپرسەکان کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت وتی سەرۆک ترامپ لە نامەکەیدا وتوویەتی دژی جەنگە لەگەڵ ئێراندا و دەیەوێت سەبارەت بە کۆمەڵێک بابەت لەگەڵ ئێراندا وتوێژ بکات. ماوەیەکی دیاریکراوی داناوە بۆ وەڵامدانەوەی ئێمە، بەڵام وەڵامدانەوەی ئێران بەدەست ڕابەری باڵای ئێران ئایەتوڵا عەلی خامنەئییە.

وتیشی ئێمە ڕوونمان کردۆتەوە " ڕابەری باڵای ئێران دژی هەر وتوێژێکە لەگەڵ ئەمەریکادا بەڵام نامەکەی پێدەگەیەنین تاوەکو بڕیارێک بدات. لەگەڵ ئەوەشدا بە بەرپرسە عومانیەکەمان وتووە هەر هێرشێک بۆ سەر ئێران دەرەنجامی هەرێمی و نێودەوڵەتی لێدەکەوێتەوە."

جێی ئاماژەیە ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز لە زاری بەرپرسێکی باڵای بەڕێوبەرایەتییەکەی سەرۆک ترامپەوە بڵاویکردەوە فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمەریکا بە ئاسمانەوە بوون و کەشتیەکانیش شوێنەکانی خۆیان گرتبوو، پێش ئەوەی بڕیارێک دەربچێت بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەرکەکە، بەبێ هیچ تەقەکردنێک.

ڕۆژنامەکە ئاماژەی بەوەدا وابڕیاربوو بەیانی زووی ڕۆژی هەینی هێرشەکان بۆ سەر ئێران ئەنجام بدرێن تاوەکو هاوڵاتیانی مەدەنی ئێرانی بەرنەکەون.

ڕوون نیە کە ئایا هێرشەکان بۆ سەر ئێران دواتر ئەنجام دەدرێن یاخود سەرۆک ترامپ لە بڕیارەکەی پاشگەزبۆتەوە یان بەڕێوبەرایەتییەکەی گومانیان هەبووە لە ڕێکخستنە لۆجیستیکی و ستراتیژییەکان.

دوای ئەم جووڵەیە هێڵی ئاسمانی ئەمەریکا و هەندێک لە هێڵە ئاسمانییەکانی وڵاتانی ڕۆژئاوا گەشتەکانیان بۆ بەشێک لە ئاسمانی ئێران ڕاگرت، لەوانەش هێڵی ئاسمانی بەڕیتانیا و گەورەترین کۆمپانیای گەشتەوانی ئەڵمانیا لۆفتهانزا و کەی ئێڵ ئێمی هۆڵەندی.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG