بەرپرسێکی ئەمەریکی بە ڕۆیتەرزی وت زانیارییە هەواڵگرییەکانی ئەمەریکا ئاماژە بە ئەگەری ئەنجامدانی هێرشێکی بریکارەکانی سەر بە ئێران دەدەن بۆ سەر هێز و بنکە سەربازییەکانی ئەمەریکا لە عێراق و ئەوەش دەخاتەڕوو ئەم هێرشە دەکرێت بەرپەرچ بدرێتەوە بەپێچەوانەی ئەو هێرشە موشەکیانەوە کە لە مانگی یەکدا ئێران کردیە سەر عێراق.
بەرپرسەکە کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت وتی هەواڵگری ئەمەریکا ماوەیەکە شوێن سەرەداوەکان دەکەوێت و زانیاری هەیە لەسەر ئەنجامدانی هێرشێک لەلایەن ئێران یاخود ئەو گروپە چەکدارییانەی کە پشتیوانیان لێدەکات.
بەرپرسەکە باسی لە هیچ زانیارییەکی تایبەت نەکرد سەبارەت بە کاتی هێرشەکە یاخود ئامانجی هێرشەکە بەدیاریکراوی.
لەلایەکی دیکەوە سەرۆکی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ هۆشیاریدایە ئێران و گروپەکانی سەر بە ئێران سەبارەت بە هێرشکردنە سەر هێز و بنکە سەربازییەکانی ئەمەریکا لە عێراق.
سەرۆک ترامپ وتی " بەپێی زانیارییەکان، ئێران و بریکارەکانی پلانی هێرشێکی لەناکاو دادەنێن بۆ سەر هێز و بنکە سەربازییەکانی ئەمەریکا لە عێراق. لەڕاستیدا ئەگەر ئێران ئەو کارە بکات ئەوا باجێکی زۆر زۆر گەورە دەدات."
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز