نوێنەری ئێران لە بەڕیتانیا وتی واپێشبینی دەکرێت کەشتی نەوت هەڵگری ئێرانی ئادریان داریا 1 ئێوارەی یەکشەممە جەبەل تاڕیقی بەڕیتانی بەجێبهێڵێت دوای ئەوەی داواکەی ئەمەریکا بۆ دەستبەسەراگرتنی کەشتیەکە بۆ ماوەیەکی زیاتر ڕەت کرایەوە.
هێزی دەریای بەڕیتانیا لە مانگی حەوتدا دەستی گرت بەسەر کەشتیەکی نەوت هەڵگری ئێرانیدا کە گومانی ئەوەی لێدەکرد نەوت بگوازێتەوە بۆ سوریا کە ئەوەش پێشێلکردنی سزاکانی یەکێتی ئەوروپایە بۆ سەر سوریا.
نوێنەری ئێران لە بەڕیتانیا حەمید بەعیدی نەجاد وتی " واپێشبینی دەکرێت ئەمشەو کەشتیەکە بڕوات."
هەفتەی ڕابردوو وادەی دەستبەسەراگرتنی کەشتیەکە کۆتای هات بەڵام ڕۆژی هەینی ئەمەریکا فەرمانێکی دەرکرد بە دەستبەسەراگرتنی کەشتیە نەوت هەڵگرەکە و ئەو نەوتەی کە دەیگوازێتەوە و نزیکەی ملیۆنێک دۆلاریش.
جەبەل تاڕیق وتی ئەم داوایەی ئەمەریکا ڕەت دەکاتەوە چونکە پابەندە بە یاساکانی یەکێتی ئەوروپاوە.
لە بەیاننامەکەی حکومەتی جەبەل تاڕیقدا هاتووە دەڵێت " ئەو سزایانەی یەکێتی ئەوروپا سەپاندوویەتی بەسەر ئێراندا و جەبەل تاڕیقیش پەیڕەوی دەکات، زۆر لەوە کەمترە کە ئەمەریکا سەپاندوویەتی بەسەر ئەو وڵاتەدا."
وتیشی " دەسەڵاتی ناوەندی جەبەل تاڕیق ناتوانێت داوا لە دادگای باڵای جەبەل تاڕیق بکات دەست بەسەر کەشتیەکەدا بگرێت وەکو چۆن ئەمەریکا داوای کردووە."
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز