Accessibility links

ئێران دەڵێت لەگەڵ بەرپرسانی تاڵیبانی ئەفغانستاندا کۆبوونەتەوە


وەزارەتی دەرەوەی ئێران ئاماژەی بەوەدا تاران لەگەڵ بەرپرسانی تاڵیبانی ئەفغانستاندا کۆبوونەتەوە، ئەوەش هەفتەیەک دوای هەڵوەشاندنەوەی دانوستانەکانی ئاشتی نێوان ئەمەریکا و تاڵیبان.

لە مانگی دوانزەی ساڵی ڕابردوو ئێران وتی لەگەڵ نوێنەرانی تاڵیباندا کۆبۆتەوە و حکومەتی ئەفغانستانیش ئاگاداری کۆبوونەوەکان بووە، ئەوەش دوای ئەوەی ئەوە هات هەواڵی ئەوە هەبوو ئەمەریکا و تاڵیبان دەست بکەن بە وتوێژکردن سەبارەت بە کۆتای هێنان بە جەنگی ئەفغانستان و کشانەوەی هێزە بیانییەکان لە ئەفغانستان.

هەفتەی ڕابردوو دانوستانەکانی ئاشتی نێوان تاڵیبان و ئەمەریکا شکستیان هێنا و شەڕ و پێکدادانەکان زیاتر بوون. هەردوولا هەوڵیاندا بگەن بە ڕێکەوتنێک سەبارەت بە کشانەوەی هەزاران سەربازی ئەمەریکی لە ئەفغانستان و لەبەرامبەریشدا تاڵیبان بەڵێن بدات ڕێگە نەدات وڵاتەکە ببێتە شوێنێک بۆ پلاندانان بۆ ئەنجامدانی هێرشی تیرۆریستی بۆ سەر ئەمەریکا و هاوپەیمانەکانی.

دەزگا فەڕمییەکانی ڕاگەیاندن لە زاری وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران عەباس موسەوییەوە بڵاویان کردەوە " لە چوارچێوەی وتوێژەکانی ئێران لەگەڵ هەموو لایەنەکانی ئەفغانستان، لەمدواییانەدا شاندێکی سیاسیی تاڵیبان سەردانی وڵاتەکەمانیان کرد بەمەبەستی گفتوگۆکردن لەسەر نوێترین پێشهاتەکانی ئەفغانستان لەگەڵ بەرپرسانی ئێرانیدا." موسەوی هیچ وردەکارییەکی دیکەی نەدا.

ساڵی ڕابردوو حکومەتی ئەفغانستان ئێرانی تۆمەتبار کرد بە تۆمەتی ئەوەی چەک و پارە و تەقینەوە دەدات بە تاڵیبان، کۆماری ئیسلامیش ئەوە ڕەت دەکاتەوە. ئەمەریکا دەڵێت ئێران هەوڵ دەدات دەسەڵاتەکانی لە ڕۆژئاوای ئەفغانستان زیاد بکات.

لە مانگی 10 ی ساڵی ڕابردوو واشنتن ئێرانی تۆمەتبار کرد بەوەی مەشقی سەربازیی و پارە و چەک دەدات بە تاڵیبان.

لە ساڵانی نێوان 1996 بۆ 2001 لەکاتێکدا تاڵیبان فەڕمانڕەوایی ئەفغانستانی دەکرد ئێران ناکۆکییەکی زۆری هەبوو لەگەڵیاندا. لە دوای کوژرانی 11 لە دیبلۆماتکارەکانی لە ئەفغانستان، لە ساڵی 1998 دا ئێران هێزەکانی لەسەر سنوور بڵاوکردەوە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG