Accessibility links

ئێران باڵیۆزی ئوستڕالیا بانگ دەکات لەسەر پەیامێکی پشتگیریکردن لە هاوڕەگەزخوازیی


وەزارەتی دەرەوەی ئێران وتی ڕۆژی سێشەممە بانگی باڵیۆزی ئوستڕاڵیای کردووە لە تاران تاوەکو " بە توندی سەرکۆنەی " پەیامێکی بکات کە باڵیۆزخانەکە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاویکردووەتەوە و تێیدا پشتگیری لە مافەکانی هاوڕەگەزخوازان دەکات.

باڵیۆزخانەکە ڕۆژی یەکشەممە لە پۆستێکدا لە ئینستاگرام یادی " ڕۆژی پۆشینی ئەرخەوانی " کردەوە کە بۆنەیەکی ساڵانەی هاوڕەگەزخوازانە لە ئوستڕاڵیا و داوای " داهاتوویەکی پرشنگتر و گشتگیرتری " بۆ هاوڕەگەزخوازان کرد.

باڵیۆزخانەی ئوستڕاڵیا لە ئێران لە پۆستەکەدا نوسیویەتی " ئەمڕۆ و هەموو ڕۆژێک، ئێمە خۆمان تەرخان دەکەین بۆ خستنەوەی ژینگەییەکی پشتگیریکەر، کە تێیدا هەمووان و بە تایبەتی هاوڕەگەزخوازان و گەنجان هەست بە شانازی بکەن بە خۆیانەوە."

بەڵام وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە بەیاننامەیەکدا وتی " دوای بڵاوکردنەوەی بابەتە خراپەکە کە پێچەوانەی داب و نەریتی ئێرانییەکان و موسوڵمانانە، بانگی باڵیۆزی ئوستڕاڵیا کراوە بۆ تاران."

وتیشی " وەزارەتی کاروباری دەرەوە بە توندی سەرکۆنەی کارەکەی باڵیۆزخانەی ئوستڕاڵیا دەکات لە بڵاوکردنەوەی ئەم بابەتەدا."

هاوڕەگەزخوازی لە دوای دامەزراندنی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە لە ساڵی 1979 ەوە تاوانە، لە هەندێک حاڵەتیشدا یاساکە ڕێگە بە سەپاندنی سزای مەرگ دەدات.

سەرچاوە/ فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG