دەزگای ڕاگەیاندنی ئێران بڵاویکردەوە دادگایەکی سوپای پاسدارانی ئێران سزای زیندانیکردنی سەپاندووە بەسەر دوو ڕۆژنامەنووسی ژندا، ئەوەش بە تۆمەتی ڕووماڵکردنی دۆسییەی مەرگی ژینا ئەمینی کە کچێکی کورد بوو و ساڵی ڕابردوو لە ژێر دەستی پۆلیسی ئاکاری ئێراندا گیانی لە دەستدا.
مەرگی ژینا ئەمینی تەمەن 22 ساڵ لە مانگی نۆی ساڵی ڕابردوودا لە ژێر دەستی پۆلیسی ئاکاردا بەهۆی ئەوەی کە گوایە یاسای پۆشاکی ئێرانی پێشێل کردووە، بووە هۆی دروستبوونی چەندین مانگ لە خۆپیشاندان لە سەرانسەری ئێراندا.
دەزگای هەواڵی ئیرنای ئێران وتی نیلوفار حەمیدی و ئیلاهیە محەمەدی سزای 13 و 12 ساڵ زیندانییان بەسەردا سەپێندراوە، ئەوەش بەهۆی چەندین تۆمەتەوە، لەوانەش هەماهەنگیکردن لەگەڵ حکومەتی ئەمەریکا و کارکردن دژی ئاسایشی نیشتیمانی ئێران.
پارێزەرانی دوو ڕۆژنامەنووسەکە تۆمەتەکانییان ڕەت کردەوە.
ئیرنا وتی " سزای حەوت ساڵ و شەش ساڵ زیندانیکردنییان بەسەردا سەپێندراوە بە تۆمەتی هەماهەنگیکردن لەگەڵ حکومەتی دوژمنکاری ئەمەریکادا. دواتر هەریەکەیان سزای پێنج ساڵ زیندانیکردنییان بەسەردا سەپێندراوە بە تۆمەتی کارکردن دژی ئاسایشی نیشتیمانی و هەریەکەیان ساڵێک زیندانی بە تۆمەتی بڵاوکردنەوەی پڕوپاگەندە دژی سیستمەکە."
حەمیدی دوای ئەوەی وێنەیەکی دایک و باوکی ئەمینی گرتبوو کە باوەشییان بە یەکتردا کردووە، لە کاتێکدا کە لە نەخۆشخانەیەکی تاران بوون و ژینا ئەمینی کچییان لە بێ هۆشیدا بوو لە نەخۆشخانەکەدا، دەستگیرکرا. محەمەدیش دوای ئەوەی ڕووماڵی پرسەکەی ئەمینی کردبوو لە شاری کوردیی سەقز، دەستگیرکرا. خۆپیشاندانەکانیش هەر لەو شارەدا دەستییان پێکرد.
ئیرنا وتی " ئەو بڕیارانەی دراون " لەلایەن دادگاکەوە دەکرێت پێداچوونەوەیان پێدا بکرێت.
بەپێی دەزگای میزانی سەر بە دەسەڵاتی دادوەری ئێران، ئەگەر ئەوە پشتڕاست ببێتەوە، ئەوا دوو ژنە ڕۆژنامەنووسەکە کە ماوەیەکییان لە زیندانی ئەڤینی تاران بەسەر بردووە، کە زۆربەی زیندانییە سیاسییەکانی تێدا زیندانی کراوە، سزاکانییان ڕەنگە کەمتر بکرێتەوە.
لە مانگی 10 ی ساڵی ڕابردوودا وەزارەتی هەواڵگری ئێران بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە و تێیدا محەمەدی و حەمیدی تۆمەتبار کرد بە تۆمەتی ئەوەی گوایە بریکاری دەزگای هەواڵگری ناوەندی ئەمەریکان.
میزان وتی " بەڵگە هەن لەسەر ئەوەی حەمیدی و محەمەدی پەیوەندییان بە هەندێک کەس و لایەنی دیاریکراوەوە هەبووە کە پەیوەست بوون بە حکومەتی ئەمەریکاوە."
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز،CPJ