Accessibility links

دوو ئەندامی سوپای پاسداران لە هێرشێکی ئاسمانی ئیسڕائیلدا لە سوریا دەکوژرێن


دەزگای ڕاگەیاندنی ئێران بڵاویکردەوە دوو ئەندامی سوپای پاسدارانی ئێران لە هێرشێکی ئاسمانی ئیسڕائیلدا بۆ سەر سوریا کوژراون، دوو ئەندامەکە وەکو ڕاوێژکاری سەربازیی لە سوریا کارییان کردووە. ئەمەش لە یەکەمین هەواڵی کوژرانی سەربازانی ئێراندا لە ماوەی جەنگەکەی ناو غەززەدا.

سوپای پاسدارانی ئێران لە بەیاننامەکەیدا باسی لە وردەکارییەکانی هێرشەکە نەکرد. لە ماوەی ڕابردوودا سوریا وتی بەرگری ئاسمانی وڵاتەکە بەرپەرچی هێرشێکی موشەکی ئیسڕائیلی داوەتەوە دژی ئامانجەکانی دەوروبەری دیمەشقی پایتەخت.

ئاژانسە هەواڵییەکانی دەوڵەتی سوریا هەواڵی هێرشی ئاسمانی ئیسرائیل بۆ سەر جەرگەی دیمەشقیان ڕۆژی شەممە بڵاوکردەوە.

وتەبێژی سەربازی سوریا ڕایگەیاند ئیسرائیل هێرشەکەی لە بەرزاییەکانی جۆلانەوە بۆ سەر ئەو وڵاتە ئەنجامداوە. ڕوانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ سەرلەبەیانی ڕۆژی شەممە ڕایگەیاند هێرشەکە پێگەی گروپە میلیشیاکانی پاڵپشتیکراو لەلایەن ئێرانەوە لە باشووری دیمەشق کردوەتە ئامانج.

هێرشەکە دوای ئەوە ڕوویدا کە ئاگربەستی کاتی نێوان ئیسرائیل و گرووپی حەماس دوای هەفتەیەک درێژ نەکرایەوە و ئۆپەراسیۆنەکانی سوپای ئیسرائیل لە غەززە دەستی پێکردەوە.

لە دوای دەستپێکردنی شەڕی نێوان ئیسرائیل و حەماس لە 7ی ئۆکتۆبەرەوە، ئیسرائیل هێرشەکانی بۆ سەر سوریا چڕتر کردووەتەوە.


سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG