Accessibility links

ڕۆحانی دەڵێت ئێران بەنیازە هەندێک لە مزگەوتەکان بکاتەوە


سەرۆکی ئێران حەسەن ڕۆحانی وتی ئێران بەنیازە مزگەوتەکانی ئەو شوێنانەی وڵاتەکە بکاتەوە کە ڤایرۆسی کۆرۆنا تیایاندا بڵاونەبۆتەوە، لەکاتێکدا قۆناغ بە قۆناغ ڕێوشوێنەکانی داخستنی وڵاتەکە و قەدەغەکردنی هاتوچۆ لەسەر هاوڵاتیان کەم دەکرێنەوە.

ڕۆحانی وتی وڵاتەکە دابەش دەکرێت بەسەر ناوچەی سپی و زەرد و سوردا، ئەمەش بەپێی ژمارەی توشبووان و گیان لەدەستدان لەو ناوچانە دەبێت.

ڕۆحانی وتیشی بەپێی ئەوە ڕێوشوێنەکان کەم دەکرێنەوە، ئەو ناوچانەی کە توشبوو یاخود گیان لەدەستدانی تیادا نەبووە بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە بە ناوچەی سپی هەژمادەر دەکرێن و مزگەوتەکان تیایاندا دەکرێتەوە و نوێژی هەینیش دووبارە دەکرێتەوە.

وتیشی بەپێی ئەو ڕەنگانەی دەدرێن بە ناوچەکان لە سەرتاسەری ئێراندا، مامەڵە لەگەڵ ناوچەکاندا دەکرێت، بەڵام ئاماژەی بەوە نەدا کەی ئەم پڕۆگرامە جێبەجێ دەکرێت.

جێگری وەزیری تەندروستی ئێران ئیرەج حەریرچی لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی فەرمی ئێران وتی لە ئێستادا دەکرێت 116 ناوچە لە وڵاتەکەدا بە سپی هەژمار بکرێن و 134 ناوچەی دیکەش بە زەرد.

دوای ئەوەی ئێران دەستی کردووە بە کەمکردنەوەی ڕێوشوێنەکانی قەدەغەکردنی هاتوچۆ و داخستنی وڵاتەکە، لە ماوەی هەفتەی ڕابردوودا ئێرانییەکان گەڕانەوە بۆ دوکان و بازاڕ و پارکەکان.

وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی ئێران کیانوش جەهانپور وتی لە ماوەی 24 کاتژمێری ڕابردوودا 60 کەس بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە گیانیان لەدەستداوە و کۆی حاڵەتەکانی گیان لەدەستدان لە وڵاتەکەدا گەیشتە 5,710 کەس، هەروەها تا ئێستا 90,481 حاڵەتی توشبوون بە ڤایرۆسەکە تۆمارکراوە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG