Accessibility links

ئێران مزگەوتەکان دەکاتەوە


دەزگای هەواڵی ئێران بڵاویکردەوە سەرجەم مزگەوتەکانی ئێران ڕۆژی سێشەممە دووبارە دەکرێنەوە، ئەمەش لە هەنگاوێکی حکومەتدا بۆ کەمکردنەوەی ئەو ڕێوشوێنانەی کە مەبەستی کۆنتڕۆڵکردنی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا گیراونەتەبەر.

دەزگاکە لە بەڕێوبەری ڕێکخراوی گەشەپێدانی ئیسلامی محەمەد قەمیەوە بڵاویکردەوە بڕیاری دووبارە کردنەوەی مزگەوتەکان بە ڕاوێژکردن لەگەڵ وەزارەتی تەندروستیدا دراوە.

ئەم هەنگاوەش سەرەڕای ئەوە دێت لە هەندێک لە ناوچەکانی ئێراندا ژمارەی توشبووان بە ڤایرۆسەکە زیادبوونیان بەخۆیانەوە بینیوە.

ڕۆژی یەکشەممە دەزگای هەواڵی تەسنیم ئاماژەی بەوەدا ناوچەیەکی باشووری ڕۆژئاوای ئێران بەتەواوەتی داخراوە بەمەبەستی ڕێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە، هەروەها لە زاری فەرمانڕەوای هەرێمی خۆزستانەوە بڵاویکردەوە ژمارەی توشبووان بە ڤایرۆسەکە لە هەرێمەکەدا زیادی کردووە.

دەزگا فەڕمییەکانی ڕاگەیاندن لە ئێران ئاماژەیان بەوەدا نوێژی هەینی لە نزیکەی 180 شار و شارۆچکە دەستی پێکراوەتەوە، بەڵام لەو شوێنانەدا ژمارەی توشبووان کەم بوونەتەوە.

ڕۆژی دووشەممەی ڕابردوو 132 مزگەوت لە ئێران کرانەوە، لەو شوێنانەدا کە تا ئێستا ڤایرۆسی کۆرۆنایان تێدا نەبووە، بەڵام نوێژی هەینی هێشتا لە تاران و هەندێک لە شارە گەورەکان قەدەغەیە.

ماڵپەڕی فەڕمی سەرۆکایەتی ئێران لە زاری سەرۆکی وڵاتەکە حەسەن ڕۆحانیەوە بڵاویکردەوە هەفتەی داهاتوو دەرگای خوێندنگاکان دەکرێنەوە.

وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی ئێران کیانوش جەهانپور ئاماژەی بەوەدا لە 24 کاتژمێری ڕابردوودا 45 حاڵەتی گیان لەدەستدان بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە تۆمارکراوە و 6685 کەسی دیکە توشی بوون، بەوەش کۆی ژمارەی توشبووان لە ئێران بەرزبۆوە بۆ 109286 کەس.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG