ڕێکخراوی ئامنستی نێودەوڵەتی ڕۆژی دووشەممە وتی چالاکوانی مافەکانی ژنان ناهد تەقەوی ئەڵمانیایی بە ڕەچەڵەک ئێرانی، لە زیندانێکی ئێران ئازاد کراوە و گەڕاوەتەوە بۆ ئەڵمانیا، ئەوەش دوای زیاتر لە 4 ساڵ زیندانیکردنی لە ئێراندا.
ئازادکردنی تەقەوی دوابەدوای نیگەرانییەکان بوو سەبارەت بە تەندروستی ژنە تەمەن 70 ساڵەکە و داواکانی گروپەکانی مافی مرۆڤ لە حکومەتی ئەڵمانیا بۆ زیادکردنی فشارەکانی سەر تاران لەسەر دۆسییەکە.
تەقەوی لە مانگی 10 ی ساڵی 2020 دا لە ماوەی سەردانێکیدا بۆ تاران دەستگیرکرا و سزای 10 ساڵ و هەشت مانگ زیندانیکردنی بەسەردا سەپێندرا، ئەوەش دوای ئەوەی تۆمەتبار کرا بە تۆمەتی ئەوەی گوایە بەشدار بووە لە گروپێکی نایاسایی و بڵاوکردنەوەی پڕوپاگەندە دژی دەوڵەت. ئامنستی وتی تۆمەتەکان ساختە بوون.
گروپەکانی مافەکان دەڵێن تاغاڤی لە ماوەی زینداندا ئەشکەنجە دراوە و لە زیندانی تاکەکەسیدا داندراوە.
ئامنستی وتی چالاکەوانەکە ڕۆژی یەکشەممە بە پارێزراویی گەیشتووەتە ئەڵمانیا.
وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا ئەنالینا بێربۆک لە ئێکس نوسیویەتی " ساتێکی مەزنی خۆشییە کە ناهد تەقەوی دواجار دەتوانێت دووبارە بە خێزانەکەی شاد ببێتەوە."
ئەڵمانیا لە ڕابردوودا ڕووبەڕووی ئێران بووەتەوە لەسەر زیندانیکردنی ئەو هاووڵاتییانەی کە ڕەگەزنامەی ئەڵمانیایی و ئێرانیان هەیە لەلایەن بەرپرسانی ئێرانەوە، هەروەها ڕەخنەی لە تۆماری مافەکانی مرۆڤی ئێران گرتووە. لە مانگی 10 دا ئەڵمانیا باڵیۆزەکەی لە ئێران بانگکردەوە دوای ئەوەی ئێران جەمشید شارمەهدی ئەڵمانیایی - ئێرانی لە سێدارەدا.
هەفتەی ڕابردوو ئێران ڕۆژنامەنووسی ئیتاڵیایی سیسیلیا سالای ئازاد کرد، ئەوەش سێ هەفتە دوای ئەوەی لە تاران لە ماوەی گەشتێکی کاردا دەستبەسەرکرا.
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز