کەناڵی تەلەفیزیۆنی ئێران بڵاویکردەوە دوایین ڕاپۆرتی لێکۆڵینەوەکان لەسەر هۆکاری کەوتنە خوارەوەی فڕۆکە هێلیکۆپتەرەکەی سەرۆکی پێشووی ئێران ئیبراهیم ڕەئیسی ئاماژە بەوە دەدات کە فڕۆکەکە بەهۆی خراپی کەش و هەوا و تەمەوە کەوتووەتە خوارەوە.
سەرۆکی پێشووی ئێران ئیبراهیم ڕەئیسی کە ڕۆژێک لە ڕۆژان وەکو جێگرەوەی داهاتووی ڕابەری باڵای ئێران ئایەتوڵا عەلی خامنەئی دەبیندرا، لە مانگی پێنجدا بەهۆی کەوتنە خوارەوەی هێلیکۆپتەرەکەیەوە لە ناوچەیەکی نزیک سنووری ئازەربایجان گیانی لە دەستدا.
بەپێی کەناڵی تەلەفیزیۆنی ئێران، دوایین ڕاپۆرتی لێکۆڵینەوەکان ئاماژە بەوە دەدات کە " هۆکاری سەرەکی کەوتنە خوارەوەی هێلیکۆپتەرەکە کەش و هەوای خراپ بووە لە ناوچەکەدا."
ڕاپۆرتەکە لەلایەن کۆمسیۆنێکی باڵاوە بڵاوکرایەوە کە سوپای ئێران کاری لێکۆڵینەوەی لە ڕووداوەکە پێ سپاردبوو، دەڵێت تەمێکی زۆر بووەتە هۆی ئەوەی هێلیکۆپتەرەکەی ڕەئیسی و هاوەڵەکانی خۆی بکێشێت بە چیاکەدا.
لە مانگی پێنجدا ڕاپۆرتێکی سەرەتایی لەلایەن سوپای ئێرانەوە بڵاوکرایەوە و ئاماژەی بەوەدا کە هیچ بەڵگەیەک نیە لەسەر ئەوەی کارێکی هەڵە ئەنجام درابێت یاخود هێرشێک هەبووبێت.
سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا، ڕۆیتەرز