Accessibility links

کاردانەوەی ئێران بەرامبەر بە داواکاری ڕۆژئاوا بۆ خستنەڕووی ڕاستییەکان لەبارەی ژەهراویکردنی خوێندکاران لەو وڵاتەدا


وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران، حسێن ئەمیرعەبدوڵڵاهیان، ڕۆژی هەینی 3ی ئەم مانگە لە تویتێکدا بەرامبەر بە کاردانەوەی دەسەڵاتدارانی ڕۆژئاوا لەبارەی ژەهراویکردنی خوێندکاران لە ئێران نووسیوێتی ئەمە دەستێوردانە و بەردەوامی شەڕە لە دژی کۆماری ئیسلامی.

ئەمیر عەبدوڵڵاهیان نووسیویەتی "دەزگا پەیوەندیدارەکانی وڵات خەریکی بەدواداچوونێکی جددین و گەلی گەورەی ئێران زۆر باش فرمێسک ڕەشتنی درۆینە دەناسێتەوە."


ڕۆژی هەینی گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەش ناسر کەنعانی کاردانەوەی دەسەڵاتدارانی ڕۆژئاوای بەرامبەر بە ژەهراویکردنی خوێندکاران بە "پەلە، سەیر و سەمرە و دەستێوەردان و تێکەڵ بە ئامانجە سیاسییەکان" ناوبرد.

لێدوانەکانی کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامی ئێران لە کاتێکدایە کە چەند هەفتە بەسەر ژەهراویکردنی زنجیرەیی خوێندکاران لە شارەکانی ئێران تێپدەپەڕێت و بەرپرسانیش دەڵێن تا ئێستا بکەرانی ئەو کارە و ئەو ماددە کیمیاییانەی کە بەکارهێنراون دەستنیشان نەکراون.

وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا بەرامبەر بە ژەهراویکردنی خوێندکارانی کچ له ئێران، داوای له کۆماری ئیسلامی کردوە به زوترین کات بکەرانی ئەو کارە دەستنیشان بکات و سزایان بدات.

هەروەها ئانالینا بێربۆک وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا لە ڕۆژی هەینی لە تویتەری خۆی نووسیویەتی "پێویستە کچان بتوانن بەبێ ترس بچنە قوتابخانە و هەروەها پێویستە بە وردی لێکۆڵینەوە لە هەموو ئەو دۆسیانە بکرێت".

نەتەوە یەکگرتووەکانیش پشتیوانی لە داواکاریی دیپلۆماتکاری باڵای ئەڵمانیا دەکات بۆ ئەنجامدانی لێکۆڵینەوەیەکی شەفاف سەبارەت بە هێرشی گازی ژەهراوی بۆ سەر قوتابخانەکانی کچان لە ئێران.

لە ماوەی سێ مانگی ڕابردوودا دەیان لەو هێرشانە بۆ سەر قوتابخانەکانی کچان لە شارە جیاجیاکانی ئێراندا ڕاگەیەندراون و لە ئەنجامدا خوێندکاران تووشی کێشەی هەناسەدان بوون.

نووسینگەی مافەکانی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ژنێڤ ڕۆژی هەینی نیگەرانیی خۆی لە ڕاپۆرتەکانی هێرشی گازی ژەهراوی بۆ سەر قوتابخانەکان لە ئێران دەربڕی.

گوتەبێژی ئاژانسەکە لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا گوتی "ئێمە زۆر نیگەرانین لەو تۆمەتانەی کە باس لەوە دەکەن کچان بە ئەنقەست دەکرێنە ئامانج لە زنجیرەیەک هێرشی نهێنیدا."

نووسینگەی مافەکانی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان داوای کرد هەموو لێکۆڵینەوەکانی پەیوەست بەم دۆسیەیە شەفاف بن و ئەنجامەکانی بۆ ڕای گشتی بڵاوبکرێنەوە و ئەنجامدەرانی هێرشەکان بدرێنە دادگا.

هاوکات گوتەبێژی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی ڕایگەیاندوە کە ئەو ڕێکخراوەیە لەگەڵ بەرپرسانی تەندروستی ئێران و پسپۆڕانی پزیشکی ئەو وڵاتە لە پەیوەندیدایە و داوای لێکردوون کە هەر ئامرازێکی مومکین بۆ دۆزینەی هۆکارەکان بخەنە گڕ.

هێرشی گازی ژەهراوی بۆ سەر قوتابخانەکانی کچان لە ئێران تووڕەییەکی گشتیی لێکەوتوەتەوە و ڕەخنەگرانی کۆماری ئیسلامیش، دەسەڵاتدارانی ئەو وڵاتە بە شاردنەوە و کەمتەرخەمی و تەنانەت تێوەگلان لەو هێرشانەدا تۆمەتبار دەکەن.

XS
SM
MD
LG