Accessibility links

ئێران و نەبوونی ئازادی ڕۆژنامەگەری


یونسکۆ ڕۆژی 3 مانگی 5ی وەک ڕۆژی جیهانی ئازادی میدیا و ڕاگەیاندنه. ڕۆژیک بۆ جەختکردنەوه له سەر گرنگی ئازادی میدیایی وەک مەرجێک بۆ پەرەسەندی دیمۆکڕاسی له کۆمەڵگای ئێنسانی و ڕۆژیک بۆ وەبیرهێنانەوەی ئەرک و بەرپرسیاریەتی حکومەتەکان بۆ پاراستن و پابەند بوون به مادەی 19‌ی جاڕنامەی مافەکانی مرۆڤ. به پێی ئەم مادەیه، هەموان مافی ئازادی بیرۆکه و ڕادەربڕینیان هەیه.

بەڵام سەرەڕای ئەمەی که نەتەوه یەکگرتووەکان ئەم ڕۆژەی وەک ڕۆژی ئازادی میدیا ڕاگەیاندوه، وڵاتانێکی زۆر له جیهاندا، کەم تا زۆر بەردەوامن له پێشێلکردنی مافی سەرتایی ئازادی ڕادەربڕین. یەک لەو وڵاتانەی کارنامەیەکی تاریکی له ڕێگاگردن له ئازادی ڕادەربڕین و سەرکۆتکردنی میدیاکان و میدیاکاران هەیه. کۆماری ئیسلامی ئێرانه. لەم گۆتاره کۆرتەدا تێشک دەخەینه سەر کارنامەی ئێران له بواری ئازادی ڕاگەیاندن.

ڕەنگه ئەگەر بمانەوێت له ڕەستەیەکدا، هەل‌ومەرجی ئێستای ڕاگەیاندن و میدیاکاران له ئێران کورت بکەینەوه دەتوانین بڵێین: بەردەوامی هەڕەشه، دەست‌بەسەرکردن و له کۆتایی‌دا زیندانی کردن یان ئاوارەکردنی ڕۆژنامەوان و دواتر هەڕەشه کردن و درێژەدان به ئازاریان له دەرەوەی وڵات له لایەکەوه و له لایەکی ترەوه داخستنی میدیا سەربەخۆکان و به دوژمن ناساندنیان.

ڕێکخراوەی ڕۆژنامەوانانی بی‌سنوور هەر ساڵ به بیانوی ڕۆژی جیهانی ئازادی ڕاگەیاندن، ڕاپۆرتێک له سەر ئاستی ئازادی ڕاگەیاندن له وڵاتانی جیهان بڵاودەکاتەوه. ئەم ڕێکخراوەیه ئەم ڕاپۆرته له ساڵی 2002وه بڵاو دەکاتەوه و پێوەرەکەشی شێوازی هەڵس‌وکەوتی دەسەڵاتەکان لەگەڵ ڕۆژنامەوانان، فرەدەنگی ڕۆژنامەکان و هەبوونی میدیای سەربەخۆیه.

به پێی ڕاپورتی ئەم ڕێکخراوەیه، که ڕۆژی پێنجشەممه 1ی مانگی پێنج 2019 بلاو کراوەتەوه، ئێران لە ساڵی 2019، له نێوان 180 وڵاتدا، له پلەی 170دا وەستاوه و ئەمەش بەو مانا دەبێت که به بەراوەرد لەگەڵ ساڵی پێشتریدا هیچ پێشکەوتنێکی به خۆیەوه ‌نەدیوه و تەنانەت خرابتریش بوه.

به پێی ڕاپۆرتی ئەم ڕێکخراوەیه، ئێران چل سال دوای شۆرشی ساڵی 1979، یەک لەو وڵاتانەیه که زیاترین ئاستی گۆشار و سەرکۆتی سەپاندوه به سەر ڕۆژنامەوانان و میدیا سەربەخۆکان و له نێوان ساڵەکانی 1979 تا 2019 لانی‌کەم 860 ڕۆژنامەوان و هاووڵاتی چالاک له بواری ڕاگەیاندنی دەستبەسەر کردوه و زیندانی کردوون.

له ئێران ڕخنەگرتن له دەسەڵاتی باڵا واته عەلی خامنەیی، ڕێبەری کۆماری ئیسلامی هێڵی سوره و دەتوانێت بێته هۆی دەستبەسەرکردنی ڕخنەگر. کۆماری ئیسلامی دەڵێت ڕخنەگرتن بێکێشەیه بەڵام کێشەی سەرەکی بۆ ڕۆژنامەوانان له ئێران ئەوەیه که سنووری ڕخنه و بێڕێزی ڕوون نیه و کۆماری ئیسلامی هەموو ڕخنەیێک و تەنانەت ئاراستەکردنی پرسیار ڕوو به ڕێبەری کۆماری ئیسلامی وەک بێڕێزی دەنرخێنرێت.

ڕەزا مۆعینی، بەرپرسی بەشی ئێران و ئەفغانستان لە ڕێکخراوەی ڕۆژنامەوانانی بی‌سنوور دەڵێت نابێت چاوەڕوانی ئەوه بکەین له کۆماری ئیسلامی ئێراندا ئازادی ڕاگەیاندن ڕیزی لێبگرێت: «دژایەتی کۆماری ئیسلامی ئێران لەگەڵ ڕۆژنامەوانی ئازاد نەبسراوەتەوه به سیاسەتی ڕۆژی کۆماری ئیسلامی که به گۆرینی سیاسەتەکه ئەو گۆشارانەش کەم بێتەوه. دژایەتی ئەم کۆماره لەگەڵ ئازادی ڕاگەیاندن بەشێکه له ئایدیۆلۆژی کۆماری ئیسلامی و بیروبۆچونێکی بنەڕەتیه. زۆر له پرنسیبەکانی ئازادی ڕاگەیاندن و ڕادەربڕین له کۆماری ئیسلامی هێڵی سورەو و بەزاندنی تەنانەت دەتوانێت سزای مەرگی هەبێت.»

بەڵام ئاستی نزمی ئازادی ڕاگەیاندن و دژواری کاری ڕۆژنامەوانان نه تەنیا له بوارگەلی پێوەندیدار به ئایدیولۆژیای سەردەست بەڵکو له هەموو ئەو بوارانەیدا هێزەکانی ئاسایشی بڕیاری له سەر دەدەن دەبینرێت.

تەنیا وەک نموونەیێک بۆ تێگەیشتن له ئاستی سەرکۆتەکان لەم بوارەدا دەتوانین ئاماژه بدەین به ڕەوشی ئێستای یەک لەو ڕۆژنامەوانانەی دوێنی 1ی مانگی پێنج، کە لە کاتی ڕووماڵی هەواڵی دەستبەسەرکراوانی خۆپیشاندەرانی ڕۆژی کریکار له تاران، پێتەختی ئێران دەستبەسەرکراوە.

خانمی مەرزیه ئەمیری، ڕۆژنامەوانی ڕۆژنامەی شەرق له تارانه که ئێستا زیاتر له 15 ساڵه له ئێران بڵاو دەبێتەوه. مەرزیه ئەمیری دوێنێ دوای تەواو بوونی کۆبونەوەکه وەک ڕۆژنامەوانێک دەچێته پێش گرتووخانەی کاتی تاران بۆ گرتنی هەواڵ سەبارەت به بەندکراوان بەڵام له لایەن هێزەکانی ئاسایشی ئێرانەوه دەستبەسەر کراه و دوای چەند کاتژمێر مانەوه له گرتووخانەی کاتی پۆلیس له ناوەندی تاران، گوازراوەتەوه بۆ ژۆری تایبەتی دەزگای زانیاری ئێران واته وەزارەتی ئێتلاعات له بەندیخانەی ئەوین. به چ تاوانێک؟ کاری ڕۆژنامەوانی و ڕاگەیاندن. جێگای سرنجه که ڕۆژنامەی شەرق که ڕۆژی پێش کوبونەوەکه هەواڵی بڕیاری کرێکارانی بۆ کۆبونەوەی بڵاو کردبوەوه، ئێستا و دوای کۆبونەوەکه و گیرانی ڕۆژنامەوانەکەی تەنانەت ناتوانێت هەواڵی دەستبەسەرکردنی هاوکارەکەی ڕابگەیێنێت.

ڕۆژنامەوانانی بەندکراو

له ساڵی ڕابردوودا، کۆمەلێک ڕۆژنامەوان له ئێران یان به شێوازی کاتی دەستبەسەرکراون یان جەزای زیندانیش به سەریاندا سەپاوه و زیندانی کراون.

نەجەف مەهدی‌پور، ڕۆژنامەوانی کوردی دانیشتووی پارێزگای ئیلام که سەرنووسەر و بەرپرسیاری گۆڤاری باختەری زەوی بوو به یەک ساڵ زیندان جزادرا و ئ؛ستا له زیندانه. هاوکات هەر ئێستا، ڕۆژنامەوانان هەنگامه شەهیدی، مۆراد سەقەفی‌، تاهیره ڕیاحی و موحەممەدرەزا نەسەب عەبدوللاهی له زیندانن.

دەستبەسەرکردنی ڕۆژنامەوانەکان زیاتر به بیانووگەلێک وەک بانگەشه دژی دەسەڵات، چالاکی دژی ئاسایشی نیشتمانی، بڵاوکردنەوەی هەواڵی ناڕاست، بێڕێزی به بەرپرسان یا بەها ئایینیەکان و هاوکاری لەگەل دۆژمن و تەنانەت سیخوری ڕوودەدات و ئەمەش هەمووی وەک کارەدانەوە به ئەو هەواڵانەی ڕۆژنامەوانان بڵاوی دەکەنەوه و ئەو گۆتار و ڕاپۆرتانەی دەینووسن. جێگای ئاماژەیه که به پێی مادەی 24 یاسای بنەڕەتی ئێران گۆڤارەکان و میدیاکان مافی ئەوەیان هەیه بێ مەترسی هەواڵەکان بگوازنەوه و ناکرێت هیچ هاووڵاتیێک به هۆی بیروڕای جیاوازەوە تاونبار بکرێت.

کۆماری ئیسلامی جگه له دەستبەسە‌رکردنی ڕۆژنامەوانان و سەپاندنی جەزای زیندان به سەریاندا، له هەندێک له نموونەکاندا، جەزای لێدانی قامچی بۆ ‌بڕیونەتەوە. بۆ وێنه ساڵی 2016، 4 ڕۆژنامەوان له ئێران سزادران به لێدانی 40 قامچی. کۆماری ئیسلامی هەروەها وەک سزادانی ڕۆژنامەوانی سەربەخۆ، ئەوان به سزای کاتی یان هەتاهەتایی ڕێگا گردن له کاری ڕۆژنامەو‌انی و نوسین سزا دەدات. هەر ئێستا بە لانیکەمەوە 10 ڕۆژنامەوانی ئێرانی بۆ هەتا هەتایی ریگایان لێگیراوه بۆ کاری ڕۆژنامەوانی.

سەرکۆتەکانی چالاکانی ڕاگەیاندن له ئێران، تۆره کۆمەڵایتیەکان و ئینترنتیش دەگرێتەوه و کۆماری ئیسلامی پۆلیسیکی تایبەتی ئەو بوارەشی هەیه که ئەرکی سەرەکیان بێدەنگ کردنی ڕاگەیاندن له ئینترنێته. له ساڵی ڕابردوودا، کۆماری ئیسلامی به دەیان ویبلاگ‌نووس، چالاکی تۆره کۆمەڵایتیەکان و به تایبەت چالاکانی ئینستاگرام و تیلگرامی کردوەته ئامانج و دەستبەسەری کردون.

له هەمانکاتدا، سەرکۆتەکان به شێوازێکی تر ڕۆژنامە‌وانانی دەرەوەی وڵاتی گرتوەتەوه. هەرەشه کردن له بنەماڵەی ڕۆژنامەوانانی چالاک له میدیا فارسیەکان و کوردیەکانی دەرەوەی ئێران بۆ بێدەنگ کردنی ڕۆژنامەوانانی ئەو میدیایانه ساڵی پار گەشته ئاستێک که بی‌بی‌سی به فەرمی سکاڵای برده ناوەندی نەتەوه یەکگرتوەکان له ژنو. کۆماری ئیسلامی هەروەها، ڕێگای له کڕین و فرۆشتنی هەموو ئەو شتانەی گرتوه کە پێی وابێت مۆڵکی ڕۆژنامەوانێکی ناسراو یان چالاکی دەر له وڵاته.

XS
SM
MD
LG