Accessibility links

سەرۆکی ئێران پشتیوانی لە زیندووکردنەوەی ڕێکەوتنە ناوەکییەکە دەکات


سەرۆکی ئێران ئیبراهیم ڕەئیسی

سەرۆکی نوێی ئێران ئیبراهیم ڕەئیسی پشتیوانی خۆی بۆ دووبارە زیندووکردنەوەی ڕێکەوتنە ناوەکییەکە ڕاگەیاند.

سەرۆکی ئێران ئیبراهیم ڕەئیسی داوای لە ئەمەریکا کرد پابەند بێت بە بەرپرسیارێتیەکانیەوە لە ڕێکەوتنە ناوەکییەکەی ساڵی 2015 دا و سەرجەم سزاکانی سەر ئێران لاببات.

ڕەئیسی لەمیانەی وتارە تۆمارکراوەکەیدا بۆ کۆبوونەوەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان وتی " کۆماری ئیسلامی گفتوگۆی بەسوود لەبەرچاو دەگرێت کە دەرەنجامەکانی لابردنی سەرجەم سزا سەرکوتکەرەکان بێت."

لە مانگی شەشەوە گفتوگۆ ناڕاستەوخۆکانی نێوان ئەمەریکا و ئێران بە نێوەندگری یەکێتی ئەوروپا ڕاگیراون، ئەوەش دوای چەند مانگێک لە گفتوگۆکردن لەگەڵ حکومەتەکەی پێشووی ئێراندا کە هیچ ئەنجامێکی ئەوتۆی لێنەکەوتەوە.

ڕەئیسی دووبارە جەختی لەوە کردەوە لەڕووی ئایینەوە چەکی ناوەکی ڕێگەپێنەدراوە، وتی " چەکی ناوەکی هیچ جێگەیەکی نابێتەوە لە سیستمی بەرگری و سیاسەتی جەنگماندا."

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران سەعید خەتیبزادە وتی پێشبینی ئەوە دەکات گفتوگۆ ناڕاستەوخۆکان " لە هەفتەکانی داهاتوودا " دووبارە دەستپێبکەنەوە.

لەلایەکی دیکەوە بەرپرسی کاروباری دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا جۆزێپ بۆڕێڵ وتی ڕۆژی سێشەممە لە نەتەوە یەکگرتووەکان لەگەڵ وەزیری نوێی دەرەوەی ئێران حوسەین ئەمیر عەبدوڵاهیاندا کۆدەبێتەوە و داوای لێدەکات " بەزووی " گفتوگۆکان لە ڤییەنا دەستپێبکاتەوە.

وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا هایکۆ ماس وتی دەبێت بەپەلە گفتوگۆکان دەستپێبکەنەوە، ئەمەش لەنێوەندی نیگەرانیەکانی ڕۆژئاوادا لەسەر ئەوەی ئێران پێدەچێت لەو ماوەیەدا پەرە بە بەرنامە ناوەکییەکەی بدات.

ماس وتی " چاوەڕێی شاندی ئێران ناکەین دوو سێ مانگی دیکە بگەڕێنەوە ڤییەنا. دەبێت زووتر بگەڕێنەوە."

لەلای خۆشیەوە سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن لە وتارەکەیدا لە کۆبوونەوەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان دووبارە جەختی لەوە کردەوە ئەمەریکا دەخوازێت بگەڕێتەوە سەر ڕێکەوتنە ناوەکییەکە و سزاکان لاببات.

وتی " ئەگەر ئێران پابەندی بەرپرسیارێتیەکانی بێت ئەوا ئێمەش ئامادەین دووبارە پابەندی بەرپرسیارێتیەکانمان ببینەوە لە ڕێکەوتنە ناوەکییەکەدا."

سەرچاوە/ فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG