Accessibility links

دادگای باڵای ئێران سەپاندنی سزای مەرگ بەسەر زیندانێکی سیاسی یارسان پەسەند دەکات


دەزگاکانی کە پشتب بە چالاکوانانی نێو ئێران دەبەستن دەڵێن دادگای باڵای ئێران لەمدواییاندا سەپاندنی سزای مەرگی بەسەر زیندانی سیاسیی ڕەزا ڕەسایی پەسەند کردووە، کە بەهۆی پەیوەندییەوە بە خۆپیشاندانە سەرتاسەرییەکەی ساڵی 2022 ەوە لە ئێران دەستگیرکراوە.

لە مانگی 10 ی ئەم ساڵدا ڕەسایی سزای مەرگی بەسەردا سەپێندرا، ئەوەش بەهۆی ئەوەی گوایە بەشدار بووە لە کوشتنی بەرپرسی هەواڵگری سوپای پاسدارانی ئێران نادر بەیرامیدا، لە ماوەی خۆپیشاندانێکدا لە پارێزگای کرماشان.

دادبان، گروپێکی لایەنگری ئەو پارێزەرە ئێرانییانەی کە بەرگری لە زیندانییە سیاسییەکان و چالاکەوانەکان دەکەن، لە مانگی 10 دا ئەوەی پشتڕاست کردەوە کە بەیرامی لە ماوەی پێکدادانێکی نێوان هێزەکانی ئاسایش و خۆپیشاندەراندا لە ماوەی یادکردنەوەی مەرگی کەسایەتییەکی دیاری یارسانەکاندا کوژراوە.

باوەڕی یارسان کە بە ئەهلی حەقیش ناسراوە، یەکێکە لە نەریتە ئاینییە سەرەتاییەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا. نزیکەی سێ ملیۆن شوێنکەوتووی هەیە لە ئێراندا، بە تایبەتی لە ناوچە کوردییەکانی ڕۆژئاوای ئێران.

کۆمەڵگەی یارسان هاوشێوەی کوردەکانی ئێران ڕووبەڕووی چەندین کێشە و ئاڵنگاری بوونەتەوە، لەوانەش قورساییەکانی بەردەمییان بۆ تۆمارکردنی منداڵەکانییان لە کاتی لە دایکبووندا وەکو یارسان، کۆتوبەند خستنەسەر ئەو بینایانەی کە پەرستنی تێدا دەکەن، هەروەها بەردەوام لەوە دەترسن سزا بدرێن.

ئەندامێکی خێزانەکەی ڕاسایی کە شوێنکەوتوویەکی باوەڕی یارسانە، قسەی بۆ دەزگای هەواڵی چالاکەوانانی مافەکانی مرۆڤی ئێران کرد و ئەوەی پشتڕاست کردەوە کە دادوەر بارانی سەرپەرشتی بڕیارەکەی دادگای باڵای کردووە بۆ پەسەندکردنی سزای مەرگ بەسەر ڕاساییدا. پێدەچێت بڕیارەکەی دادگا لە ژێر کاریگەریی دانپێدانانێکدا بووبێت کە لە ماوەی دەستبەسەرکردنی ڕاساییدا لە ژێر فشاردا وەرگیراوە.

جگە لە سزای مەرگ، ڕاسایی ڕووبەڕووی تۆمەتی دیکەش بووەتەوە، لەوانەش تۆمەتی بریندارکردن و هەڕەشەکردن بە چەقۆ و تێکدانی ئاسایشی گشتی لە ڕێی خۆپیشاندانەوە.

کەسایەتییە سیاسیی و چالاکەوانەکان بەردەوامن لە ڕووبەڕووبوونەوەی سزاکەی ڕەزا ڕاسایی.

دەزگای ئێران ئینتەرناشناڵ دەڵێت وەکو چۆن لەلایەن ڕێکخراوەکانی وەکو دادبان و هەنگاوەوە بڵاوکراوەتەوە، بەرپرسانی ئێران کوژرانی بەیرامییان خستووەتە پاڵ ڕاسایی، بەبێ ئەوەی هیچ بەڵگەیەک، شایەتحاڵێک یاخود بەڵگەنامەیەک بخەنەڕوو.

ڕێکخراوی لێخۆشبوونی جیهانیش دەڵێت لە ماوەی لێكۆڵێنەوەکردندا لەگەڵی، ڕاسایی ڕووبەڕووی ئەشکەنجە و مامەڵەی خراپ بووەتەوە، بە کارەبا لێیدراوە و بە توندی لێیدراوە و بە لە ژێر بەکارهێنانی هێزدا " دانپێدانانی " لێوەرگیراوە.

پەرلەمانتاری ئوستڕاڵیا، کیت وۆلاهان ڕۆژی شەممە وتی " ڕاسایی و ئەو پرسەی کە لە پاڵیدا وەستاوە لە یاد نەکردووە."

وتی " ئاگادارییەکانی ڕێکخراوی نێودەوڵەتی ئامنستیم بینیوە سەبارەت بە لە سێدارەدانی سیاسیی لەلایەن کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە، ڕەزا ڕاسایی یەکێکە لەوانە."

ڕاسایی لە 24 ی مانگی 11 ی ساڵی 2022 دا لەلایەن پۆلیسی ئێرانەوە دەستگیرکرا و لە شارۆچکەی ساهنە دەستبەسەرکرا، دوابەدوای پڕۆسەی لێپرسینەوە لێی، گواسترایەوە بۆ زیندانی دیزێل عەباد لە کرمانشا.

سەرچاوە/ دەزگای هەواڵی چالاکەوانانی مافەکانی مرۆڤ، ئێران ئینتەرناشناڵ

XS
SM
MD
LG