Accessibility links

ئێران بۆچی هێرشی ئاسمانی دەکاتە سەر پاکستان و عێراق و سوریا؟


بەپێی گوتەی بەرپرسانی باڵای ئێران، هێرشە ئاسمانییەکانی ئەو وڵاتە بۆ سەر عێراق و سوریا و پاکستان وەڵامێک بوون بۆ ئەو هێرشانەی کە بۆ سەر خاکی ئێران و دژی ئامانجە ئێرانییەکان ئەنجام دراون.

ڕۆژی سێشەممە ئێران وتی موشەکی ئاڕاستەی چەکدارانی داعش کردووە لە سوریا، وەکو وەڵامێک بۆ تەقینەوەکەی شاری کرمان کە بووە هۆی کوژرانی ژمارەیەک لە خەڵک لە مەراسیمی یادکردنەوەی قاسم سولەیمانیدا.

لە هەمان ڕۆژدا ئێران هێرشی موشەکی کردە سەر هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان و وتی لە "پێگە سیخوڕییەکانی ئیسڕائیلی " داوە. بەڵام عێراق ئەوەی ڕەت کردەوە. ئیسڕائیل ئەندامانی گرنگی حیزبوڵای لوبنان و سوپای پاسدارانی ئێرانی لە لوبنان و سوریا کوشتووە.

لە پاکستانیش دەزگای ڕاگەیاندنی ئێران وتی وڵاتەکە دوو بنکەی سەربازیی گروپی چەکداری جەیشولعەدلی بەلوچی لە ناوبردووە. جەیشولعەدل لە پاکستانە و بەرپرسیارێتی هێرشەکەی مانگی دوانزەی ڕاگەیاندووە کە بووە هۆی کوژرانی ژمارەیەک لە هێزەکانی ئاسایشی ئێران. هاوکات پاکستانیش لەلای خۆیەوە وەکو وەڵامێک هێرشی ئاسمانی کردە سەر گروپە چەکدارییەکانی ناو ئێران.

لە ژێر سەرکردایەتی قاسم سولەیمانیدا، ئێران تۆڕێکی گروپی چەکداریی لە چەندین وڵاتی عەرەبیدا دروست کردووە کە بە تێپەڕبوونی کات پەرەیان سەندووە.

ئێران ڕەتی دەکاتەوە لە نزیکەوە گروپە چەکدارییەکان لە هێرشەکانییاندا ئاڕاستە بکات، دەڵێت ئەوان بە دەستپێشخەری خۆیان هێرشەکانییان ئەنجام دەدەن. هەروەها دەڵێت بە شێوەیەکی بەرفراوان پشتیوانی لە کارەکانییان دەکات دژی ئیسڕائیل و ئەمەریکا.

ئێران لە ڕووی چەک و داراییەوە پشتیوانی لەم چەند گروپە دەکات:
لە کەرتی غەززە، ئێران پشتیوانی لە گروپە ئیسلامییەکانی وەکو حەماس و جیهادی ئیسلامی دەکات. حەماس لە 7 ی مانگی 10 ی ساڵی ڕابردوودا هێرشێکی کوشندەی کردە سەر باشووری ئیسڕائیل و ئەوەش بووە هۆی هەڵگیرسانی جەنگەکە لە کەرتی غەززەدا. ئێران خۆی بە پاڵەوان دەزانێت لە بەرەی بەرهەڵستکاری فەلەستینیدا دژی ئیسڕائیل.

لە عێراقیش، ئێران پشتیوانی لە گروپە چەکدارییە شیعەکان دەکات دژی ئەمەریکا و پەیوەندییەکی نزیکی لەگەڵییاندا هەیە. حەشدی شەعبی کە لە 150,000 چەکدار پێکهاتووە، گروپە چەکدارییەکانی سەر بە ئێران باڵادەستن تێیدا و پەیوەندییەکی نزیکی لەگەڵ سوپای پاسدارانی ئێراندا هەیە.

گروپەکانی حەشدی شەعبی هێرشی موشەکییان کردووەتە سەر بنکە سەربازییەکانی ئەمەریکا لە عێراق و سوریادا. واشنتن بە هێرشی ئاسمانی وەڵامی داونەتەوە، یەکێک لەو هێرشانەش کوژرانی فەرماندەیەکی لێکەوتەوە لە بەغداد.

هاوکات لە سوریا، ئەو وڵاتە بووەتە ڕێڕەوێکی سەرەکی بۆ هاتووچۆی چەکدارەکانی سەر بە ئێران لە نێوان عێراق و لوبناندا. دوای دەستپێکردنی شەڕی ناوخۆ لە سوریا لە ساڵی 2011 دا، ئێران پشتیوانی لە سەرۆکی سوریا بەشار ئەسەد کرد و ڕاوێژکاری سەربازیی ڕەوانەی سوریا کرد، هاوکات چەکداری لە عێراق و پاکستان و ئەفغانستانەوە هێنایە سوریاوە. حیزبوڵای لوبنانیش شان بە شانی ئەم گروپانە بۆ پاراستنی ئەسەد شەڕیکرد.

هاوکات لە لوبنان ئێران پشتیوانی لە حیزبوڵا دەکات، کە بە وەفاترین گروپی چەکدارییە بۆ ئێران. حیزبوڵا لە ساڵەکانی هەشتاکاندا دامەزرا و لە لوبنان دژی هێزەکانی ئیسڕائیل شەڕییان کردووە. دەیان هەزاران ڕۆکێت و چەکداری مەشق پێکراوی هەیە کە بۆ ماوەی چەندین ساڵ دژی ئیسلامییە سووننەکانی ناو سوریا شەڕییان کردووە. حیزبوڵا لەسەر سنووری نێوان لوبنان و ئیسڕائیل هێرشی کوشندە دەکاتە سەر هێزەکانی ئیسڕائیل.

لە یەمەنیش ئێران پشتیوانی لە حوسییەکان دەکات کە لە ساڵی 2014 دا زۆربەی یەمەنییان کۆنتڕۆڵ کرد، بە سەنعای پایتەختیشەوە. حوسییەکان دژی سعودیە و هاوپەیمانەکانی شەڕییان کردووە. دوای ئەوەی حوسییەکان دژی سعودیە شەڕییان کرد، ئێران دەستیکرد بە پشتیوانیکردنییان. ئێستا حوسییەکان موشەک ئاڕاستەی ئیسڕائیل و کەشتییە بازرگانییەکان دەکەن لە دەریای سووردا. ئەمەریکاش لەلای خۆیەوە هێرشی ئاسمانی کردووەتە سەر ئامانجەکانی حوسییەکان لە یەمەن.

بەرەی بەرهەڵستکاران، کە ئێران پشتیوانی لێدەکات، سەرجەم ئەو گروپانە دەگرێتەوە و دەڵێن کارەکانییان دەرخستنی پشتیوانییە بۆ فەلەستینییەکان و وەڵامدانەوەیەکە بۆ بۆردومانەکانی ئیسڕائیل بۆ سەر غەززە.

حوسییەکان و حیزبوڵا و گروپەکانی دیکەش ئاماژەیان بەوە داوە هێرشەکانییان تەنها لە کاتێکدا ڕادەگرن کە ئیسڕائیل هێرشەکانی بۆ سەر فەلەستینییەکان ڕابگرێت.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG