Accessibility links

پاکستان دەڵێت نایەوێت ناکۆکییەکەی لەگەڵ ئێراندا پەرەپێبدات


ڕۆژی هەینی پاکستان ڕایگەیاند نایەوێت پەرە بە ڕووبەڕووبوونەوەکەی بدات لەگەڵ ئێراندا و هاوکاتیش سەرکردایەتی باڵای مەدەنی و سەربازیی پاکستان کۆبوونەوە بۆ پێداچوونەوە بە بارودۆخەکەدا، ئەوەش دوای ئەوەی دوو وڵاتەکە هێرشی ئاسمانییان کردە سەر بنکەکانی گروپە چەکدارییەکان لە ناوچەکانی یەکتردا.

سەرچاوەیەک لە نووسینگەی سەرۆک وەزیرەوە بە ڕۆیتەرزی ڕاگەیاند سەرۆک وەزیری کاربەڕێکەری پاکستان ئەنوەرولحەق کاکەر دەستی کردووە بە کۆبوونەوەیەک لەگەڵ کۆمیتەی باڵای دەسەڵاتدارانی نیشتیمانیدا، سەرجەم سەرکردە سەربازییەکانیش ئامادەی کۆبوونەوەکە دەبن.

وەزیری ڕاگەیاندنی پاکستان موڕتەزا سۆلانگی وتی ئامانج لە کۆبوونەوەکە " پێداچوونەوەیەکی بەرفراوانە بە دەرەنجامی ڕووداوەکانی نێوان ئێران و پاکستاندا." ڕۆژی پێنجشەممە کاکەر سەردانەکەی بۆ کۆڕبەندی ئابووری داڤۆسی سویسرا کۆتایی پێهێنا و گەڕایەوە بۆ پاکستان.

هێرشەکانی دوو وڵاتەکە بۆ سەر سنوورەکانی یەکتر نیگەرانی دروست کردووە لەسەر کەوتنەوەی ناجێگیرییەکی زیاتر لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، لە کاتێکدا کە جەنگەکەی نێوان ئیسڕائیل و حەماس لە غەززە دۆخی ناوچەکەی تێکداوە.

سەرەڕای ئەوەی دوو وڵاتەکە مێژوویەکییان هەیە لە ناجێگیریی لە پەیوەندییەکانیاندا، پاکستان و ئێران پێشتر ئارەزووی خۆیان دەربڕیوە بۆ هێورکردنەوەی گرژییەکانی نێوانییان.

وەزیری دەرەوەی پاکستان جەلیل عەباس جیلانی لە پەیوەندییەکی تەلەفونیدا لەگەڵ هاوتا تورکیاییەکەیدا وتی " پاکستان هیچ بەرژەوەندییەک یاخود ئارەزوویەکی نیە بۆ پەرەدان بە گرژییەکان."

ئێران وتی هێرشەکانی ڕۆژی پێنجشەممە بوونەتە هۆی کوژرانی نۆ کەس لە گوندێکی سەر خاکەکەی، چوار منداڵیشییان تێدا بووە. پاکستانیش وتی هێرشەکانی ڕۆژی سێشەممەی ئێران بۆ سەر پاکستان بوونەتە هۆی کوژرانی دوو منداڵ.

سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان ئەنتۆنیۆ گۆتیرێش داوای لە دوو وڵاتەکە کرد تاوەکو دەتوانن دان بە خۆیاندا بگرن. ئەمەریکاش داوای دان بەخۆداگرتنی کردووە، سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن وتی پێکدادانەکە دەریدەخات کە ئێران لە ناوچەکەدا زۆر خوازراو نیە.

ئیسلامئاباد وتی لە هێرشەکانیدا بنکەکانی بەرەی ئازادی بەلوچ و سوپای ئازادی بەلوچی جیاخوازی کردووەتە ئامانج، هاوکات تاران وتی فڕۆکە بێفڕۆکەوان و موشەکەکانی لە گروپی چەکداریی جەیشولعەدلییان داوە.

ئەو گروپە چەکدارییانەی کە هێرشییان کراوەتە سەر لە هەرێمی بالوچستانی باشووری ڕۆژئاوای پاکستان و هەرێمی سیستان بالوچستانی باشووری ڕۆژهەڵاتی ئێراندا چالاکن. هەردوو هەرێمەکە دەوڵەمەندن بە سەرچاوە کانزاییەکان و بە شێوەیەکی بەرچاو پێشنەکەوتوون و پەراوێزخراون.

ئەو گروپە چەکدارییانەی کە لەلایەن پاکستانەوە لێیان دراوە ماوەی چەند دەیەیەکە دژی دەوڵەتی پاکستان شەڕ دەکەن، هێرش دەکەنە سەر دانیشتوانی چینی و وەبەرهێنانەکان لە بالوچستاندا.

گروپی چەکداری جەیشولعەدلیش کە لە پاکستانە و ئێران لێیدا، گروپێکی چەکداریی سووننەن و ئێران وەکو مەترسییەک سەیرییان دەکات. گروپەکە کە پەیوەندی بە ڕێکخراوی داعشەوە هەیە، هێرشییان دژی سوپای پاسدارانی ئێران ئەنجام داوە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG