Accessibility links

دوای هێرشەکانی سەر یەکتر، ئێران و پاکستان لەسەر هاریکارییەکی بەرفراوانتر دژی تیرۆر ڕێکدەکەون


پاکستان و ئێران ڕۆژی دووشەممە ڕێککەوتن لەسەر هاریکارییەکی بەرفراوانتری سیاسیی و ئاسایش لە نێوانییاندا بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر، ئەمەش دوای ئەوەی دوو وڵاتەکە لە ماوەی ڕابردوودا لەم مانگەدا هێرشی موشەکییان کردە سەر خاکەکانی یەکتر دژی " گروپە چەکدارییەکانی " ناو وڵاتانی یەکتر.

ئەم ڕێککەوتنەش لە ماوەی سەردانێکی وەزیری دەرەوەی ئێران حوسەین ئەمیرعەبدوڵاهیاندا دێت بۆ پاکستان، کە لەوێ لەگەڵ هاوتا پاکستانییەکەی جەلیل عەباس جیلانیدا کۆبووەوە.

جیلانی لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانی هاوبەشدا لەگەڵ عەبدوڵاهیاندا وتی " ڕێککەوتنێک کرا بۆ هاریکاریکردن دژی تیرۆر لە ناوچەکانی یەکترماندا. پێویستە مامەڵە بکەین لەگەڵ نیگەرانییەکانی یەکتر لەسەر تیرۆر."

وتی پاکستان و ئێران بڕیاریانداوە دەستبەجێ " ئەفسەری پەیوەندی " ڕەوانەی شارۆچکە سنوورییەکانی یەکتر " توربات و زاهیدان " بکەن، ئەوەش بە مەبەستی " پتەوترکردنی هاریکارییە ئاسایش و هەواڵگرییەکەی نێوان دووڵاتەکە."

عەبدوڵاهیان وتی ئێران و پاکستان " ڕێز لە سەروەری خاکی وڵاتانی یەکترییان دەگرن."

وتیشی " بە تیرۆریستان دەڵێین کە ئێمە هیچ دەرفەتێکییان نادەینێ ئاسایشی هاوبەشمان بخەنە مەترسییەوە."

ئەمیرعەبدوڵاهیان بەبێ هیچ ڕوونکردنەوەیەک پەنجەی تۆمەتی " وڵاتانی سێیەم " درێژکرد لەسەر پشتیوانیکردنییان لە گروپە چەکدارییەکان لە ناوچە سنوورییەکانی ئێران و پاکستاندا.

وتی " هیچ گومانێک لەوەدا نیە کە ئەو تیرۆریستانەی کە لە ناوچە سنوورییەکانی ئێران و پاکستانن لەلایەن وڵاتانی سێیەمەوە ڕابەرایەتی دەکرێن و پشتیوانییان لێدەکرێت، ئەوانیش هەرگیز حەز بە هیچ شتێکی باش ناکەن کە لە بەرژەوەندی حکومەت و گەلانی ئێران و پاکستان بێت."

دوو وەزیرەکە ڕێککەوتوون لەسەر ئەوەی کۆبوونەوەی زیاتر بکەن لەسەر ئاستی وەزاری و سەربازیی، ئەوەش بە مەبەستی ڕێگریکردن لە دووبارە بوونەوەی " هەڵە لە یەک تێگەیشتنەکان."

لە 17 ی مانگی یەکدا گرژییە سەربازییەکانی نێوان ئێران و پاکستان زیاتر بوون، ئەوەش دوای ئەوە هێزەکانی ئاسایشی ئێران هێرشی ئاسمانییان کردە سەر هەرێمی بالوچستانی باشووری ڕۆژئاوای پاکستان دژی " حەشارگەکانی " گروپی چەکداری جەیشلعەدلی دژە ئێران، یاخود سوپای دادپەروەری.

پاکستانی خاوەن چەکی ئەتۆمی هێرشەکەی ئێرانی سەرکۆنە کرد و وتی بووەتە هۆی کوژرانی دوو منداڵ و برینداربوونی چەندین هاووڵاتییانی سڤیل. هەروەها بە خێرایی باڵیۆزەکەی لە تاران گەڕاندەوە و ڕێگەی نەدا باڵیۆزی ئێران بگەڕێتەوە بۆ پاکستان، سەرجەم کۆبوونەوە پلان بۆ داندراوەکانی نێوان دوو وڵاتەکەشی هەڵوەشاندەوە.

دوو ڕۆژ دوای ئەوە، پاکستان هێرشی ئاسمانی هاوشێوەی دژی " حەشارگەی تیرۆریستانی " هەرێمی سیستان بالوچستانی باشووری ڕۆژهەڵاتی ئێران ئەنجامدا. بەرپرسانی ئێران وتییان لەو هێرشەی پاکستاندا نۆ هاووڵاتی پاکستانی کوژراون، زۆربەیان ژن و منداڵ بوون.

بەڵام لەو کاتەوە دوو وڵاتەکە ڕێککەوتوون لەسەر کەمکردنەوەی گرژییەکان و ڕێگەیان داوە باڵیۆزەکانییان بگەڕێنەوە سەر کارەکانییان. ئەوەش لە کۆتاییدا بووە هۆی سەردانەکەی وەزیری دەرەوەی ئێران بۆ پاکستان.

ئێران و پاکستان سنوورێکی 900 کیلۆمەتری هەیە لە نێوانییاندا و بە شێوەیەکی ڕۆتینی یەکتری تۆمەتبار دەکەن بە تۆمەتی ئەوەی کاری تەواوییان نەکردووە بۆ ڕێگریکردن لە هێرشی گروپە چەکدارییەکانی ناوییان بۆ سەر دوو وڵاتەکە.

سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا

XS
SM
MD
LG