وه‌زاره‌تی ناوخۆی ئێران پلانێکی ڕێبه‌رانی ئۆپۆزسیۆنی ڕه‌تکرده‌وه بۆ ئه‌نجامدانی خۆپیشاندان له هه‌فته‌ی داهاتوو به مه‌به‌ستی پشتگیری کردن له سه‌رهه‌ڵدانه‌کانی وڵاتانی عه‌ره‌ب.
ڕێبه‌رانی ڕیفۆرمخوازی ئێرانی میر حوسه‌ینی موسه‌ڤی و مه‌هدی کاروبی داوای مه‌وڵه‌تیان له کاربه‌ده‌ستان کردبوو بۆ ئه‌نجامدانی خۆپیشاندان له ڕۆژی دووشه‌ممه‌دا، به‌مه‌به‌ستی نیشاندانی پشتیوانی له خۆپیشانده‌رانی دژه حکومه‌ت له میسڕ و تونس.
کاربه‌ده‌ستێکی وه‌زاره‌ته‌که مه‌هدی عه‌لی خانی سه‌در له ڕۆژی شه‌ممه ڕایگه‌یاند که مه‌وڵه‌ت نادرێت بۆ ئاژاوه له‌لایه‌ن ئه‌و گروپه‌ی به ئاژاوه‌گێڕ داده‌نرێن .
ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتیمانی ئه‌مه‌ریکا تام دۆنیلۆن ڕایگه‌یاند که به ڕه‌تکردنه‌وه‌ی داواکاری ئۆپۆزسیۆن، ئێران هاووڵاتیانی خۆی له هه‌مان ماف بێبه‌ش ده‌کات که خۆی ده‌ڵێت میسرییه‌کان شایسته‌ی ئه‌و مافه‌ن.
شایانی باسه موسه‌ڤی و کاروبی له مانگی 6 ی 2009 دا خۆپیشاندانێکی گه‌وره‌یان ڕێکخست پاش شکستیان له هه‌ڵبژاردنه‌کان دا که گوتیان فێڵ و ته‌ڵه‌که‌ی تیا بووه بۆ هه‌ڵبژاردنه‌وه‌ی سه‌رۆکی کۆنه‌پارێز مه‌حمود ئه‌حمه‌دی نه‌ژاد . حکومه‌تی ئێرانیش نکۆڵی له‌و تاوانه ده‌کات. خۆپیشاندانی پاش هه‌ڵبژاردن بۆ ماوه‌ی چه‌ند مانگێک به‌رده‌وام بوو تاکو به توندوتیژی حکومه‌ت سه‌رکوتی کردن.
ڕێبه‌ری باڵای ئێران ئایه‌توڵڵا عه‌لی خامه‌نه‌ی و سه‌رۆک ئه‌حمه‌دی نه‌ژاد پشتیوانیان بۆ سه‌رهه‌ڵدانه‌کانی وڵاتانی عه‌ره‌ب ده‌ربڕی، له کاتێکدا ڕێبه‌ری باڵا ڕایگه‌یاند ئه‌وان ڕابوونی ئیسلام له هه‌رێمه‌که نیشان ده‌ده‌ن.
کاروبی ده‌ڵێت ڕێگا نه‌دان به خۆپیشاندان بۆ پشتیوان کردن له هه‌مان سه‌رهه‌ڵدان ئه‌وه نیشان ده‌دات که هه‌ڵوێستی حکومه‌ت ساخته‌یه.