Accessibility links

ئێران دەڵێت گفتوگۆکان سەبارەت بە ڕێکەوتنە ناوەکیەکە لە چەند ڕۆژی داهاتوودا دەستپێدەکەنەوە


وەزیری دەرەوەی ئێران حوسەین ئەمیر عەبدوڵاهیان لە مۆسکۆ وتی پێشبینی ئەوە دەکات گفتوگۆکان سەبارەت بە زیندووکردنەوەی ڕێکەوتنە ناوەکییەکە لە ڤییەنا بەمزووانە دەستپێبکەنەوە.

ساڵی 2018 سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ لە ڕێکەوتنە ناوەکییەکەی نێوان ئێران و زلهێزەکانی جیهان کشایەوە و سەرجەم سزاکانی سەپاندەوە بەسەر تاراندا، لەبەرامبەریشدا ئێران کۆمەڵێک لە بەرپرسیارێتیەکانی لە ڕێکەوتنەکەدا پشتگوێ خست.

سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن ئاماژەی بەوەداوە دەیەوێت بگەڕێتەوە سەر ڕێکەوتنە ناوەکیەکە، بەمەرجێک سەرەتا ئێران دووبارە پابەند بێتەوە بە سەرجەم بەرپرسیارێتیەکانیەوە.

بەڵام وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئەنتۆنی بلینکن هەفتەی ڕابردوو هۆشداریدا و وتی کاتەکە خەریکە بەسەردەچێت و ئێستا تۆپەکە لە گۆڕەپانی ئێراندایە.

ڕۆژی چوارشەممە وەزیری دەرەوەی ئێران وتی بەمزووانە گفتوگۆکان سەبارەت بە ڕێکەوتنە ناوەکییەکە دووبارە دەستپێدەکەنەوە.

ئەمیر عەبدوڵاهیان دوای کۆبوونەوەکەی لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ڕوسیا سێرگەی لاڤرۆڤدا بە ڕۆژنامەنووسانی وت " ئێستا لە قۆناغی کۆتایی تاوتوێکردنی ئەم بابەتەداین و بەمزووانە گفتوگۆکانمان لە ڤییەنا دەستپێدەکەینەوە."

لە تارانیش، وتەبێژی ئاسایشی نیشتیمانی پەرلەمان و کۆمسیۆنی سیاسەتی دەرەوەی ئێران مەحمود عەباسزادە مشکینی وتی گفتوگۆکان " لە چەند ڕۆژی داهاتوودا " دەستپێدەکەنەوە.

وتیشی شاندەکەی ئێران لەلایەن " وەزارەتی دەرەوە یاخود ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتیمانیەوە ڕابەرایەتی دەکرێت "، کە بڕیارەکانیان دەبێت لەلایەن ڕابەری باڵای ئێران ئایەتوڵا عەلی خامنەئیەوە پەسەند بکرێت.

وتیشی " بڕیارە ستراتیژییەکانی وڵاتەکە لەلایەن ئەنجومەنی باڵاوە دەردەکرێن و وەزارەتی دەرەوەش جێبەجێیان دەکات."

سەرچاوە/ فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG