Accessibility links

ئێران داوا لە ئەوروپا دەکات شوێن ئەمەریکا نەکەون لە لەناوبردنی ڕێکەوتنە ناوەکییەکەدا


سەرۆکی ئێران حەسەن ڕۆحانی
سەرۆکی ئێران حەسەن ڕۆحانی

سەرۆکی ئێران حەسەن ڕۆحانی داوای لە ئەوروپییەکان کرد شوێن پێی ئەمەریکا هەڵنەگرن لە لەناوبردنی ڕێکەوتنە ناوەکیە جیهانیەکەدا و وتی ئێران هەوڵ نادات ببێتە خاوەنی چەکی ناوەکی، ئەمەش ئەگەر ڕێکەوتنە ناوەکییەکە بمێنێت یاخود نەمێنێت.

لەم مانگەدا فەڕەنسا و بەڕیتانیا و ئەڵمانیا میکانیزمی یەکلاکردنەوەی ناکۆکییە ناوەکییەکانیان لەگەڵ ئێراندا واژۆ کرد کە لە ڕێکەوتنە ناوەکییەکەدا ئاماژەی پێدراوە و ئێرانیان تۆمەتبار کرد بە تۆمەتی پێشێلکردنی ڕێکەوتنە ناوەکییەکە.

چالاککردنی میکانیزمی یەکلاکردنەوەی ناکۆکییە ناوەکییەکان لە کۆتایدا لەوانەیە ببێتە هۆی ئەوەی دۆسیەکە ڕەوانەی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان بکرێتەوە بۆ دووبارە سەپاندنەوەی سزاکانی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ سەر ئێران. بەرپرسانی ئێران هەڕەشەی ئەوەیان کردووە ئەگەر ئەوە ڕووبدات ئەوا تاران کۆمەڵێک ڕێوشوێن دەگرێتەبەر. یەکێک لەو ڕێوشوێنانە کشانەوەیە لە پەیماننامەی قەدەغەکردنی بڵاوبوونەوەی چەکی ناوەکی.

دوای ئەوەی ئەمەریکا لە ڕێکەوتنە ناوەکییەکەی ئێران کشایەوە و سزاکانی سەپاندەوە بەسەر تاراندا، ئێران بەرپرسیارێتییەکانی لە ڕێکەوتنە ناوەکییەکەدا کەم کردۆتەوە.

سەرۆکی ئێران حەسەن ڕۆحانی لە ماڵپەڕەکەی خۆی ئاماژەی بەوەداوە ئەمەریکا هەڵەی کرد لە ڕێکەوتنە ناوەکییەکە کشایەوە.

وتی " دەتانەوێت هەمان هەڵە بکەنەوە، من دڵنیاتان دەکەمەوە ئەگەر ئەوروپییەکان هەڵە بکەن و ڕێکەوتنەکە پێشێل بکەن ئەوا بەرپرس دەبن لە دەرەنجامی کردەوەکانیان."

ڕۆحانی وتیشی " ڕێکەوتنە ناوەکییەکە بمێنێت یان نەمێنێت، ئێمە هەوڵ نادەین ببینە خاوەنی چەکی ناوەکی."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG