Accessibility links

ساڵحی: ئێران دەتوانێت لە ماوەی چوار ڕۆژدا %20 یۆرانیۆم بپیتێنێت


سەرۆکی دەزگای وزەی ئەتۆمی ئێران عەلی ساڵحی
سەرۆکی دەزگای وزەی ئەتۆمی ئێران عەلی ساڵحی

سەرۆکی ڕێکخراوی وزەی ئەتۆمی ئێران عەلی ساڵحی وتی وڵاتەکەی دەتوانێت لە ماوەی چوار ڕۆژدا یۆرانیۆم بەڕێژەی %20بپیتێنێت، ئەمەش لە لێدوانێکدا کە مەبەست لێی دەرخستنی توانای ئێرانە بۆ فراوانکردنی خێرای بەرنامەی پیتاندنەکەی ئەگەر هاتووە ڕێکەوتنە ناوەکییەکەی ئێران لەگەڵ زلهێزانی جیهاندا هەڵبوەشێتەوە.

ڕێکەوتنە ناوەکییەکەی ئێران کە لە ساڵی 2015 دا لە نێوان ئێران و زلهێزانی جیهاندا واژۆ کرا بۆ ئێرانی دیاریکردووە کە دەبێت چەند یۆرانیۆم بپیتێنێت و ڕێژەکە تەنها %3 یە، ئەم ژمارەیەش زۆر کەمترە لەوە ساڵحی ئاماژەی پێداوە. پێش ڕێکەوتنە ناوەکییەکە، ئێران پیتاندنی یۆرانیۆمەکەی دەگەیشتە %90 بۆ بەرهەمهێنانی چەکی ناوەکیی.

سەرۆکی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ لە مانگی پێنجی ساڵی ڕابردوودا لە ڕێکەوتننامەی ناوەکیی ئێران کشایەوە و وتی ڕێکەوتنەکە کەموکورتی زۆر تێدایە و دووبارە سزاکانی سەپاندەوە بەسەر ئێراندا. لەلای خۆشیەوە تاران ڕەتی دەکاتەوە دووبارە دانوستان بکاتەوە لەسەر ڕێکەوتنەکە و دەڵێت ئەگەر هاتوو وڵاتانی ئەوروپا پارێزگاری لە ڕێکەوتنەکە نەکەن ، ئەوا ڕێکەوتنەکە لەناودەچێت.

ساڵحی بە دەزگای هەواڵی فارسی وت " ئەگەر بمانەوێت لە ڕێکەوتنە ناوەکییەکە بکشێینەوە و دووبارە دەست بکەینەوە بە بەرهەمهێنان، ئەوا دەتوانین لە ماوەی چوار ڕۆژدا %20 یۆرانیۆم بپیتێنین، لە تواناماندا هەیە ئەوە بکەین و کۆگای پیتاندنمان بۆ ئەو ڕێژەیە هەیە."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG