Accessibility links

جێگری سەرۆکی نوێی ئێران دەست لە کاردەکێشێتەوە


جەڤاد زەریف
جەڤاد زەریف

وەزیری پێشووی دەرەوەی ئێران محەمەد جەواد زەریف کە بەشداری دانوستانەکانی کرد لە ڕێککەوتنە ئەتۆمییەکەی ساڵی 2015 ی نێوان ئێران و زلهێزەکانی جیهاندا، ڕۆژی دووشەممە ڕایگەیاند دەستی کێشاوەتەوە لە پۆستە نوێیەکەی وەکو جێگری سەرۆک.

زەریف لە ئێکس نوسیویەتی " بۆ خۆبەدوورگرتن لە هیچ گومانێک یاخود پاساو بۆ تێکدانی کارەکانی حکومەت، دەستم لە کارەکەم کێشایەوە وەکو جێگری سەرۆک بۆ کاروباری ستراتیژی." ئەمەش کەمتر لە دوو هەفتە دوای ئەوەی سەرۆکی نوێی ئێران مەسعود پزیشکیان وەکو جێگری خۆی دەستنیشانی کرد.

زەریف باسی لە چەند هۆکارێک کرد بۆ دەست لە کارکێشانەوەکەی، گرنگترینییان نائومێدی بووە بەرامبەر کابینە 19 ئەندامییە پێشنیارکراوەکەی سەرۆک.

وتی " شەرمەزارم کە نەمتوانی بە شێوەیەکی گونجاو ڕای شارەزای کۆمیتەکانی بەرپرس لە دەستنیشانکردنی کاندیدەکان جێبەجێ بکەم و ژن و گەنج و گروپە نەژادییەکان بخەمە ناوەوە، وەکو چۆن بەڵێنم دابوو."

ڕۆژی یەکشەممە پزیشکیان کابینەکەی بۆ پەرلەمانی وڵاتەکە خستەڕوو تاوەکو پەسەندی بکات، تەنها یەک ژنی تێدا بوو.

لیستی ئەندامانی کابینەکە لەلایەن هەندێک لە چاکسازیخوازەکانی ناو ئێرانەوە ڕەخنەی لێگیرا، یەکێک لە ڕەخنەکان ئەوە بووە کە پارێزگارانی حکومەتەکەی پێشووی ئیبراهیم ڕەئیسی خراونەتە کابینەکەوە.

زەریف باسی لەوەش کرد کە ڕووبەڕووی فشار بووەتەوە دوای ئەوەی وەکو جێگری سەرۆک دەستنیشان کراوە، چونکە منداڵەکانی ڕەگەزنامەی ئەمەریکاییان هەیە.

لە مانگی 10 ی ساڵی 2022 دا ئێران یاسایەکی دەرکرد کە قەدەغەی دەکات لەسەر دەستنیشانکردنی ئەو کەسانەی کە " خۆیان یان منداڵەکانییان یاخود خێزانەکانییان ڕەگەزنامەی وڵاتێکی دیکەیان هەبێت " بۆ کار و پۆستە هەستیارەکان.

لە ساڵی 2013 ەوە بۆ ساڵی 2021 زەریف دیبلۆماتکاری باڵای ئێران بووە لە حکومەتە میانڕەوەکەی حەسەن ڕۆحانیدا.

سەرچاوە/ فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG