سەرۆکی نوێی ئێران مەسعود پزیشکیانی چاکسازیخواز ڕۆژی سێشەممە سوێندی یاسایی خوارد، بەڵێنیدا بەڕێوبەرایەتییەکەی بەردەوام بێت لە هەوڵەکان بۆ لابردنی ئەو سزا ئابوورییانەی کە ڕۆژئاوا بەهۆی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێرانەوە سەپاندوویەتی بەسەر تاراندا.
پزیشکیان لە مەراسیمەکەدا لە پەرلەمانی ئێران دوای ئەوەی سوێندی یاسایی خوارد وتارێکی پێشکەشکرد و وتی پێی وایە ئاساییکردنەوەی پەیوەندییە ئابوورییەکان لەگەڵ جیهاندا مافێکە نابێت ئێران لێی بێبەش بێت.
وتی " ناوەستم لە هەوڵەکانم بۆ لابردنی سزا زۆردارەکان. من گەشبینم سەبارەت بە داهاتوو."
ڕۆژی یەکشەممە ڕابەری باڵای ئێران ئایەتوڵا عەلی خامنەئی بە فەڕمی پشتگیری لە پزیشکیان کرد، داوای لێکرد وڵاتانی دراوسێ و وڵاتانی ئاسیا و ئەفریکا و ئەو وڵاتانەشی کە " پشتیوانییان لە ئێران کردووە " لە سیاسەتی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئێراندا بیانخاتە پێشەوە.
پزیشکیان کە پێشتر ماوەیەکی زۆر پەرلەمانتار بووە، لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ئێراندا لە مانگی حەوتدا سەرکەوتنی بە دەستهێنا، دوو هەفتەی لەبەردەستدایە بۆ پێکهێنانی کابینەکەی تاوەکو لە پەرلەماندا دەنگدانی لەسەر بکرێت و متمانەی پێبدرێت.
سزاکانی ڕۆژئاوا کەرتی هەستیاری نەوتی ئێرانیان کردووەتە ئامانج، هەروەها حەواڵەکردنییان لە سیستمی بانکی نێودەوڵەتی قەدەغەکردووە، ئەمانەش هەڵاوسانی ئابوورییان لە ئێران زیاتر کردووە کە ئێستا گەیشتووتە لە سەدا 40. دراوی ئێرانیش بەرامبەر دۆلار لە نزمترین ئاستدایە، بە جۆرێک یەک دۆلار بەرامبەر 584,000 تمەنی ئێرانییە.
کاتێک لە ساڵی 2015 دا ڕێککەوتنە ئەتۆمییەکەی نێوان ئێران و زلهێزەکانی جیهان واژۆ کرا، نرخی یەک دۆلاری ئەمەریکایی بەرامبەر 32,000 تمەن بوو. سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ لە ساڵی 2018 دا لە ڕێککەوتنەکە کشایەوە و سەرجەم سزاکانی بەسەر ئێراندا سەپاندەوە.
ئێرانیش لەبەرامبەردا بەرپرسیارێتییەکانی لە ڕێککەوتنەکەدا پشتگوێ خستووە، ئامانج لە ڕێککەوتنەکە سنووردارکردنی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران بوو لە بەرامبەر لابردنی سزا ئابوورییەکاندا.
ئێران گفتوگۆی ناڕاستەوخۆی لەگەڵ بەڕێوبەرایەتییەکەی بایدندا ئەنجامداوە، بەڵام هیچ بەرەوپێشچوونێک نەبووە لە سنووردارکردنی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران و هەروەها لابردنی سزاکانی سەر تارانیشدا. ئێران سوورە لەسەر ئەوەی کە بەرنامە ئەتۆمییەکەی بۆ مەبەستی ئاشتیانەیە و مەبەست لێی بەرهەمهێنانی کارەبا و تیشکە بۆ چارەسەرکردنی نەخۆشەکانی شێرپەنجە، نەک دروستکردنی چەکی ئەتۆمی.
پزیشکیان وتی " فشار و سزا لەسەر گەلی ئێران سوودی نیە."
نوێنەرانی زیاتر لە 70 وڵات ئامادەی مەراسیمی سوێندخواردنی پزیشکیان بوون، ڕێکخەری گفتوگۆ ئەتۆمییەکانی یەکێتی ئەوروپا ئێنریکە مۆرا و سەرۆکی تاجیکستان ئیمۆمالی ڕەحمانیش ئامادە بوون. سەرکردەی حەماس ئیسماعیل هەنییە و سەرکردەی جیهادی ئیسلامی زیاد ئەل نەخلەش ئامادە بوون.
پزیشکیان لە وتارەکەیدا پشتگیری خۆی بۆ فەلەستینییەکان دەڕبڕی و وتی " ئێران داوای جیهانێک دەکات کە خەونی هیچ منداڵێکی فەلەستینی لە ژێر داروپەردووی ماڵەکەیاندا نەنێژرێت."
وتی " ئێمە هەوڵی جیهانێک دەدەین کە خەڵکی فەلەستینی بە شکۆ ئازاد بن لە داگیرکاری و زۆرداری و زیندانیکردن و کۆمەڵکوژی."
سەرچاوە/ AP
سەرۆکی نوێی ئێران سوێندی یاسایی دەخوات و بەڵێن دەدات هەوڵ بدات سزاکانی ڕۆژئاوا لاببات