دوابەدوای ڕاگەیاندنی کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامی ئێران سەبارەت بە پەردەلادان لەسەردوو سیستەمی بەرگری ئاسمانی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا ڕۆژی شەممە بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند ئەمەریکا هەموو ئەو ئامرازانەی لەبەردەستیدایە بەکاری دەهێنێت بۆ ڕێگریکردن لە دژی کردەوەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران.
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا ڕایگەیاند "ئاگاداری ئەو ڕاپۆرتانەین، بەڵام بۆچوونێکی دیاریکراومان لەسەریان نییە و ئێمە بەردەوامین لە کەڵک وەرگرتن لە هەموو ئامرازە بەردەستەکان بە هەماهەنگییەکی نزیک لەگەڵ هاوپەیمانان و هاوبەشەکانمان بۆ ڕاگرتن و تێکدانی هەموو ڕەفتارە ناسەقامگیرکەر و کێشەدارەکانی ئێران."
دەزگای هەواڵی ئیرنای ئێران ڕۆژی شەممە، 17ی مانگی دوو بڵاویکردەوە ئێران چەکی نوێی ئاشکرا کردووە، لەوانەش سیستمی دژە موشەکی باڵیستیکی ئارمان و سیستمی بەرگری ئاسمانی ئازەرخش، هەردوو سیستمەکە دروستکراوی ناوخۆن.
ڕاگەیاندنەکە لە کاتێکدایە کە گرژییەکان لە ناوچەکەدا زیادییان کردووە، حوسییەکانی یەمەن کە ئێران پشتیوانییان لێدەکات لە دەریای سووردا هێرش دەکەنە سەر ئەو کەشتییانەی کە پەیوەستن بە ئەمەریکا و بەڕیتانیا و ئیسڕائیلەوە، ئەوەش وەکو دەرخستنی پشتیوانییەک بۆ فەلەستینییەکانی کەرتی غەززە.
وەکو وەڵامێک بۆ هێرشەکانی حوسییەکان، ئەمەریکا پێگەکانی حوسییەکانی لە ناو یەمەن و گروپە چەکدارییەکانی سەر بە ئێرانی لە عێراق و سوریا بۆردومان کردووە. لە بەرامبەر ئەوەشدا بنکە سەربازییەکانی ئەمەریکا لە سوریا و عێراق هێرشییان کراوەتە سەر. ئیسڕائیلیش هێرشی ئاسمانی کردووەتە سەر ئامانجە ئێرانییەکان لە سوریادا.
وەزیری بەرگری ئێران محەمەد ڕەزا ئاشتییانی ئامادەی مەراسیمەکەی ڕۆژی شەممە بووە کە تێیدا ئەو سیستمە نوێیانە نمایش کراون.
ئیرنا وتی " لەگەڵ هاتنی دوو سیستمە نوێیەکەدا بۆ ناو تۆڕی بەرگری وڵاتەکە، توانای بەرگری ئاسمانی کۆماری ئیسلامی ئێران بە شێوەیەکی بەرچاو زیاد دەبێت."
وتی سیستمی بەرگری موشەکی باڵیستیکی ئارمان " دەتوانێت لە دووری 120 بۆ 180 کیلۆمەترەوە ڕووبەڕووی شەش ئامانج ببێتەوە." هاوکات سیستمی موشەکی ئازارخش " دەتوانێت ئامانجەکان بناسێتەوە و لە ناوییان ببات، لە دووری 50 کیلۆمەترەوە بە چوار موشەکی ئامادەوە بۆ تەقەکردن."
لە مانگی شەشدا ئێران یەکەمین موشەکی باڵیستیکی دەنگبڕی دروستکراوی ناوخۆی نمایش کرد، موشەکەکە ناوی فەتاحە و مەوداکەی دەگاتە 1400 کم.
سەرچاوەکان/ ڕۆیتەرز/دەنگی ئەمەریکا