دەزگای هەواڵی کیۆدۆی ژاپۆن لە زاری سەرچاوە دیبلۆماتییەکانی ئێرانەوە بڵاویکردەوە سەرۆک وەزیری ژاپۆن فومیۆ کیشیدا و سەرۆکی ئێران ئیبراهیم ڕەئیسی لە مانگی نۆدا لە نیویۆرک کۆدەبنەوە و تاوتوێی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران و چەندین پرسی دیکە دەکەن.
کیۆدۆ دەڵێت ئێران هەوڵ دەدات پەیوەندییەکانی لەگەڵ ژاپۆندا باشتر بکات کە لە مێژە دۆستی یەکترن، ئەوەش بەمەبەستی ئەوەی خۆی بە دووربگرێت لە پەراوێزخستنێکی نێودەوڵەتی لە کاتێکدا کە گفتوگۆکانی نێوان ئێران و ئەمەریکا و ئەوروپا سەبارەت بە ڕێککەوتنە ئەتۆمییەکەی نێوانییان چەقی بەستووە.
وەزارەتی دەرەوەی ژاپۆن هیچ لێدوانێکی لەوبارەیەوە نەداوە.
کیشیدا و ڕەئیسی بە هەمان شێوە لە مانگی نۆی ساڵی ڕابردوودا لە ماوەی سەردانەکەیاندا بۆ نیویۆرک بە مەبەستی ئامادەبوونییان لە کۆبوونەوەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکاندا، چاوییان بە یەکتر کەوت.
گفتوگۆ ناڕاستەوخۆکانی نێوان واشنتن و تاران بۆ زیندووکردنەوەی ڕێککەوتنە ئەتۆمییەکەی ساڵی 2015 ی نێوان ئێران و زلهێزەکانی جیهان لە مانگی نۆی ساڵی ڕابردووەوە بە چەق بەستوویی ماونەتەوە، ئەمەش سەرەڕای ئەوەی دوو وڵاتەکە هەوڵی کەمکردنەوەی گرژییەکان دەدەن. وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئەنتۆنی بلینکن هەفتەی ڕابردوو وتی پێشوازی لە هەر هەنگاوێکی ئێران دەکات بەرەو کەمکردنەوەی گرژییەکانی " زیادبوونی مەترسی چەکی ئەتۆمی."
بەپێی ڕاپۆرتەکەی کیۆدۆ، پێشبینی دەکرێت کیشیدا و ڕەئیسی باس لەو هەواڵانە بکەن کە گوایە ئێران فڕۆکەی بێفڕۆکەوان دەدات بە ڕووسیا.
وتیشی ڕەئیسی داوا لە کیشیدا دەکات سەردانی ئێران بکات و هەوڵی ئازادکردنی سەرمایە سڕکراوەکانی ئێران بدات لە ژاپۆن، کە دەوترێت بڕەکەی دەگاتە نزیک 3 ملیار دۆلار، بەهۆی سزاکانی ئەمەریکاوە لە ژاپۆن سڕکراون.
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز
کیۆدۆ: ڕابەرانی ژاپۆن و ئێران لە مانگی نۆدا لە نیویۆرک کۆدەبنەوە
