Accessibility links

ئێران دەڵێت وەڵامی کوژرانی سەرکردەکەی حەماس لە تاران ' ورد و هەژمارکراو ' دەبێت


وەزیری دەرەوەی ئێران عەباس عێراقچی بە هاوتا ئیتاڵییەکەی وت وەڵامی ئێران بۆ کوژرانی سەرکردەی سیاسیی حەماس لە تاران " حەتمی و ورد و هەژمارکراو دەبێت."

وەزارەتی دەرەوەی ئێران ڕۆژی دووشەممە لە بەیاننامەیەکدا باسی لە پەیوەندییە تەلەفونییەکەی نێوان عێراقچی و وەزیری دەرەوەی ئیتاڵیا ئەنتۆنیۆ تاجانی کرد و وتی عێراقچی وتوویەتی ئێران هەوڵی زیادکردنی گرژییەکان نادات بەڵام لێشی ناترسێت.

ئێران ئیسڕائیلی تۆمەتبار کردووە بە تۆمەتی کوشتنی سەرکردەی سیاسیی حەماس ئیسماعیل هەنییە، بەڵام ئیسڕائیل کوشتنەکەی پشتڕاست نەکردووەتەوە و نکۆڵیشی لێنەکردووە.

کوشتنی هەنییە ترس و نیگەرانییەکانی زیاتر کرد سەبارەت بە کەوتنەوەی ململانێیەکی بەرفراوان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، لە کاتێکدا کە جەنگەکەی ناو غەززە بەردەوامە و ئیسڕائیل و حزبوڵای لوبنانیش ڕۆژانە لەسەر سنووری نێوانییان تەقە لە یەکتر دەکەن.

لێدوانەکەی عێراقچی دوای شەڕە گەورەکەی ڕۆژی یەکشەممەی نێوان حزبوڵا و ئیسڕائیل دێت کە هەریەکەیان سەدان هێرشییان کردە سەر یەکتر.

سەرۆک وەزیری ئیسڕائیل بنیامین نەتانیاهو لە کۆبوونەوەی کابینەکەیدا وتی " ئێمە بە شێوەیەکی کتوپڕ و بەهێز لە حزبوڵا دەدەین. ئەمە هەنگاوێکی دیکەیە بەرەو گۆڕینی دۆخەکە لە باکوور و گەڕانەوەی دانیشتوانمان بۆ ماڵەکانییان بە پارێزراویی. هەروەها دووبارەی دەکەمەوە کە ئەمە دوا قسە نیە."

حزبوڵا هێرشەکانی بۆ سەر ئیسڕائیل بە یەکەمین قۆناغی هێرشە تۆڵەکردنەوەکانی ناوبرد لەسەر کوژرانی فواد شوکوری فەرماندەی باڵای حزبوڵا لە بەیروت، کە مانگی ڕابردوو ئیسڕائیل لە هێرشێکی ئاسمانیدا کوشتی. هێرشەکەی ئیسڕائیل وەکو وەڵامێک بوو بۆ هێرشێکی ئاسمانی کە کرایە سەر گۆڕەپانێکی تۆپی پێ لە بەرزاییەکانی گۆلانی ژێر دەسەڵاتی ئیسڕائیل کە بووە هۆی کوژرانی 12 منداڵ و هەرزەکار و ئیسڕائیلیش حزبوڵای بە بەرپرس لەو هێرشە دانا. حزبوڵا دەڵێت هێرشە نوێیەکان ناو ئیسڕائیل دەکەنە ئامانج.

وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا ڕۆژی دووشەممە وتی وەزیری بەرگری ئەمەریکا لوەید ئۆستن فەرمانی کردووە دوو کەشتی فڕۆکە هەڵگر ڕەوانەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بکرێن، بەمەش بوونی هێزەکانی ئەمەریکا لە نێوەندی گرژییەکانی ناوچەکەدا زیاتر دەکات.

سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا

XS
SM
MD
LG