Accessibility links

ئێران داواکان بۆ دان بەخۆداگرتن ڕەت دەکاتەوە

وەزارەتی دەرەوەی ئێران داواکانی ڕەت کردەوە بۆ دان بەخۆداگرتن لە وەڵامدانەوەی کوژرانی سەرکردەیەکی حەماس لە تاراندا، وتی داواکانی فەڕەنسا و ئەڵمانیا و بەڕیتانیا " لۆجیکی سیاسییان نییە و پێچەوانەی یاسای نێودەوڵەتین."

سێ وڵاتە ئەوروپاییەکە ڕۆژی دووشەممە بەیاننامەیەکییان بڵاوکردەوە و تێیدا داوایان لە ئێران و هاوپەیمانەکانی کرد خۆیان بە دووربگرن لە هێرشکردنە سەر ئیسڕائیل.

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ناسڕ کەنعانی وتی " بەبێی هیچ دژایەتیکردنێکی تاوانەکانی ڕژێمی زایۆنی ( ئیسڕائیل )، بەیاننامەکەی سێ وڵاتەکەی ئەوروپا داوا لە ئێران دەکات وەڵامی پێشێلکردنی سەروەری خاکەکەی نەداتەوە."

کەنعانی داوای لە پاریس و بەرلین و لەندەن کرد " دواجار دژی جەنگەکەی غەززە و کارە نادروستەکانی ئیسڕائیل بوەستن."

ڕۆژی دووشەممە سەرۆکی ئێران بە سەرۆک وەزیری بەڕیتانیای وت ئێران مافی خۆیەتی تۆڵە لە ئیسڕائیل بکاتەوە لەسەر کوژرانی ئیسماعیل هەنییەی سەرکردەی حەماس، تۆڵەکردنەوەش وادەکات ئیسڕائیل نەتوانێت دوژمنکاری زیاتر ئەنجام بدات. ئەمەش بەپێی ڕاپۆرتێکی دەزگای هەواڵی ئیرنای ئێران.

هاوکات وتەبێژی ئاسایشی نیشتیمانی کۆشکی سپی جۆن کێربی هۆشداریدا و وتی ئیسڕائیل و هاوپەیمانەکانی دەبێت " ئامادە بن بۆ ئەوەی کە دەکرێت هێرشی گەورە بن " لە ئێرانەوە بە زوویی " لەم هەفتەیەدا."

ڕۆژی یەکشەممە وەزیری بەرگری ئەمەریکا لوەید ئۆستن لە وەڵامی زیادبوونی گرژییەکاندا لە ناوچەکدا فەرمانی بە ژێرئاوگەڕی جەنگی یو ئێس ئێس جیۆرجیا کرد بچێت بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و داوای لە کەشتیگەلی فڕۆکە هەڵگری یو ئێس ئێس ئابراهام لینکن کرد گەشتەکەی بۆ ناوچەکە خێرا بکات.

کاتێک پرسیاری لێکرا سەبارەت بەوەی ئایا ڕاگەیاندنی ڕەوانەکردنی ژێرئاوگەڕەکە پەیامێک بووە بۆ ئێران، وتەبێژی وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا جەنەڕاڵ پاتریک ڕایدەر وتی " بێگومان."

وتی " ئێمە هەوڵ دەدەین پەیامێک بنێرین، ئەوەی ئێمە هەوڵی بۆ دەدەین کەمکردنەوەی گرژییەکانە، ئێمە هەوڵی ئەوە دەدەین توانامان هەبێت لە ناوچەکەدا تاوەکو بەرگری لە هێزەکانمان بکەین و پشتیوانی ئیسڕائیل بکەین لە بەرگریکردن لە خۆی."

ڕابەرانی سێ وڵاتە ئەوروپاییەکە جگە لە داوای دان بەخۆداگرتن پشتگیری تەواوی خۆشییان دەربڕی بۆ هەوڵەکان بۆ گەیشتن بە ئاگربەست لە غەززە و ئازادکردنی بارمتەکان، هەروەها گەیاندنی یارمەتییە مرۆییەکان بۆ ناو غەززە.

سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا

This item is part of
XS
SM
MD
LG