Accessibility links

ڕۆحانی کۆمەڵێک ڕێکەوتنی بازرگانی لەگەڵ عێراقدا واژۆ دەکات


سەرۆکی ئێران حەسەن ڕۆحانی لەگەڵ سەرۆک وەزیری عێراق عادل عەبدولمەهدی لە بەغداد
سەرۆکی ئێران حەسەن ڕۆحانی لەگەڵ سەرۆک وەزیری عێراق عادل عەبدولمەهدی لە بەغداد

بەرپرسانی عێراقی و ئێرانی ئاماژەیان بەوەدا عێراق و ئێران کۆمەڵێک ڕێکەوتنی بازرگانی سەرەتاییان واژۆ کردووە، ئەمەش لەکاتێکدایە سەرۆکی ئێران حەسەن ڕۆحانی یەکەمین سەردانی خۆی بۆ عێراق دەستپێکرد لە هەوڵیدا بۆ زیادکردنی دەسەڵاتەکانی ئێران و بەهێزکردنی پەیوەندییە ئابوورییەکانی تاران لەگەڵ بەغداددا تاوەکو کاریگەری سزاکانی ئەمەریکا بۆ سەر وڵاتەکە کەمتر ببێتەوە.

لەنێو ڕێکەوتنەکاندا پلانی دانانی هێڵی ئاسنینی تێدایە کە دوو وڵاتەکە بەیەکەوە دەبەستێتەوە. ئامانج لەم ڕێکەوتننانەش ئەوەیە کە ئێران هێستا ڕۆڵێکی باڵا دەبینێت لە عێراقدا سەرەڕای هەوڵەکانی ئەمەریکا بۆ گۆشەگیرکردنی ئێران.

ئۆفیسی سەرۆک وەزیری عێراق عادل عەبدولمەهدی لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند ڕۆحانی و عەبدولمەهدی کۆمەڵێک ڕەشنووسی لەیەک تێگەیشتنیان واژۆ کردووە کە ڕێکەوتنی تێدایە سەبارەت بە نەوت و بازرگانی و تەندروستی و پلانی هێڵی ئاسنین کە شاری بەسڕەی عێراق بە شاری شەلامجەی ئێرانەوە دەبەستێتەوە.

هەروەها لە بەیاننامەکەدا هاتووە دەڵێت ڕێکەوتوون لەسەر گرتنەبەری کۆمەڵێک ڕێوشوێن بۆ ئاسانکردنی وەرگرتنی ڤیزای گەشتکردن لەلایەن وەبەرهێنەران و خاوەن کارەکانەوە. دەزگای هەواڵی کۆماری ئیسلامی ئێران ئاماژەی بەوەدا هەردوو وڵاتەکە ڕێکەوتوون لەسەر ئەوەی گومرگ نەخەنە سەر پێدانی ڤیزای گەشتکردن.

کەناڵی فەڕمی ئێران لە زاری ڕۆحانیەوە بڵاویکردەوە ئێران سوورە لەسەر پتەوکردنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ عێراقدا.

وابڕیارە ڕۆحانی ڕۆژی سێشەممە و چوارشەممە سەردانی هەردوو شاری کەربەلا و نەجەف بکات. هەروەها دەزگاکانی ڕاگەیاندنی ئێران ئاماژەیان بەوەدا ڕۆحانی لەگەڵ مەرجەعی شیعەکانی عێراق ئایەتوڵا عەلی سیستانیشدا کۆدەبێتەوە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG